بە زۆر بە شوودان، قوربانی بوونی کچێکی ١٢ ساڵەی لێ‌کەوتەوە

21:00 - 12 گەلاوێژ 2716
ئاژانسی کوردپا: کچێکی تەمەن ١٢ ساڵەی خەڵکی ئاوایی پاڵنگانی سەر بە شاری کامیاران، لە ئەنجامی بە زۆرملی بە شوودانی لەلایەن بنەماڵەکەیەوە، هانای بۆ خۆکوژی برد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، کچێکی تەمەن ١٢ ساڵ بە ناوی \"مەهستی ئەسەدی\" خەڵکی ئاوایی پاڵنگان و دانیشتووی شاری کامیاران، بە هۆی بە شوودان دانی نابەدڵ، بە هەڵواسینی خۆی، کۆتایی بە ژیانی هێنا.

\"\"مەهەستی تەمەن ١٢ ساڵە، بە هۆی لەدەست دانی باوکی و بە جێهشتنی دایکی، لە لای دایەگەورەی بووە.

بە وتەی کەسانی ئاگادار، مەهەستی بە هۆی کێشە لەگەڵ دایەگەورەی کە ویستوویەتی ئەو کچە بە نابەدڵی و بە زۆر بە شوو بدات، دەستی داوەتە خۆکوژی.

لەوڵاتی ئێران و كوردستان، ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ دیاردەی خۆكوژی بە هۆكارە جۆراوجۆرەكان ڕووی لە هەڵكشان ناوە، بەڵام زۆربەی لێكۆڵەرەوان لەسەر ئەوە كۆكن كە هۆكاری سەرەكیی خۆکوژییەکان، گرفتی كۆمەڵایەتییە.

لێدان و بێڕێزی پێكردن، بەزۆر بە شوودان و ئاستەنگ دروستکردن بۆ ژنان و کچان بە هۆكارە سەرەكییەكانی خۆکوژیی ژنان و کچان دێنە ئەژمار.