بە دەیان کرێکاری بەڵێندەر لە شارەوانی کرماشان بێکار کران

16:28 - 13 پووشپەڕ 2716
ئاژانسی کوردپا: دۆخی کرێکارانی گشتکۆی ناوچەکانی شارەوانیی کرماشان بەهۆکاری نەبوونی سەرچاوەی ماڵی، ڕۆژ لەدوای ڕۆژ قەیراناویتر دەبێ.

بەپێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، زیاتر لە ٤ مانگە کە ٦٠ کرێکاری شارەوانیی ناوچەی ٢ی کرماشان لە وەرگرتنی حەقدەست و هاریکاری بێبەش کراون.

ئەم کرێکارانە لەبەشی خەدەمات و فەزای سەوزی شارەوانی کاریان دەکرد.

داواکاریی کرێکارانی شارەوانیی کرماشان لەلایەن هەواڵدەریی کاری ئێران تەیید کراوە کە لەژێر چاودێری دوو کۆمپانیای بەڵێندەر چالاکییان دەکرد.

لەدرێژەی ئەو ڕاپۆرتەدا لەزاری کرێکاران بڵاوکراوەتەوە کە لە ماوەی یەک مانگی ڕابردوودا سەد کرێکاری بەڵێندەر لە ٨ ناوچەی شارەوانی کرماشان پیشەکەیان لەدەست داوە.

\"کەمیی پارە و نەبوونی سەرچاوەی ماڵی\" لە هۆکارەکانی پێکهێنانی ئەم دۆخە بۆ کرێکاران باسی لێوە کراوە.

شارەوانیی کرماشان بەپێی ڕاپۆرتە فەرمییەکان زیاتر لە ٧٠ میلیارد تمەن قەرزدارە.

وەدواکەوتنی حەقدەستی کرێکاران لەکاتێکدایە کە لەناوەڕاستی زستانی ڕابردوو، شارەداریی کرماشان بە \"ایلنا\"ـی گوتوبوو: \"بەداخەوە لە ٥ هەزار هێزی کاری شارەوانی، تەنیا ١٠٨ کەسیان فەرمین و ئەمەش کارەساتە.\"

شارەوانیی کرماشان لە ساڵی ١٢٩٩وە چالاکییەکانی خۆی دەست پێکردووە و لە حاڵی حازردا ٥٠٠ ملیارد تمەن قەرزدارە و کەسری بودجەی هەیە.