بە دەیان ناڕازی لە مەلەکشای ئیلام دەسبەسەر کران

20:56 - 11 بەفرانبار 2717
ئاژانسی کوردپا: بە دەیان هاووڵاتیی کوردی ناڕازیی خەڵکی شاری مەلەکشایی، سەر بە پارێزگای ئیلام لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی حکوومەتی ئیسلامییەوە دەسبەسەر کراون.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی یەکشەممە ١٠ی بەفرانبار، لە خۆپیشاندانەکانی شاری مەلەکشایی نزیک لە ٥٠ هاووڵاتی گیراون.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار لە شاری مەلەکشایی، هێزە حکوومەتییەکان بە شێوەیەکی توند هێرشیان کردە سەر خەڵک و ئەم خۆپیشاندانانەیان بەرەو توندوتیژی برد و چەندین هاووڵاتیی کوردیان دەسبەسەر کرد.

شوناسی هەندێک لەو دەسبەسەرکراوانە بەم شێوەیەی خوارەوەیە:
لوقمان کەرەمی
فەرهاد کەرەمی
سلێمان عەبدی
جەواد کەرەمی
موزەفەر ڕەحمانی
عەباس ئەرغەند
حافز عەبدولی
ڕۆحوڵڵا ئەرغەند
هادی کەرەمی
محەممەد مەعسوومی


هەروەها ئیدارەی گشتی ئیتلاعاتی شاری ئیلام، بە ناردنی کورتەنامە بۆ هاووڵاتییان بەشداری کردن لە هەر جۆرە گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییانەی قەدەغە کردووە.

لە لایەکی دیکەوە، جێگری سایبری ڕێکخراوی ئیتڵاعاتی سپای پاسداران، هەک کردنی تێلێگرامی هاووڵاتییانی دەست پێ کردووە.

خۆپیشاندانەکانی خەڵکی ئێران، دژی \"گرانی و بارودۆخی خراپی ژیان\" پێی ناوەتە پێنجەم ڕۆژی خۆیەوە. لەم خۆپیشاندانانەدا چەندین کەس بە هۆی تەقەی هێزەکانی حکوومەتییەوە گیانی خۆیان لە دەست داوە و بە دەیان کەس دەسبەسەر کراون.