بە حوکمی دادگای ئینقلابی شاری شنۆ خانوبەرەی چالاکێکی سیاسی دەستی بە سەر داگیرا

01:38 - 12 خەزەڵوەر 2718
ئاژانسی کوردپا: لقی ١٠١ی دادگای ئینقلابی شاری شنۆ حوکمی دەسبەسەرداگرتنی خانوبەرەی چالاکێکی سیاسی کوردی دەرکرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، خانوبەرەی چالاکێکی سیاسی کورد بە ناوی \"یەعقووب مستەفەوی\" کوڕی مستەفا خەڵکی شاری شنۆ بە پێی حوکمی لقی ١٠١ی دادگای ئینقلابی ئەو شارە دەستی بە سەردا دەگیرێت.

لە بەشێکی ئەو حوکمەی دادگادا هاتووە: \"یەعقووب مستەفەوی خاوەنی پێشینەی کەیفەری بە هۆی هاوکاری لەگەڵ حیزبە دژبەرەکانی نیزام بە تایبەتی حیزبی دێموکرات، هەوڵدان دژی تەناهی نەتەوەیی و پڕوپاگەندە دژی نیزام لە ژێر چاوەدێریدایە\".

\"\"لە بەشێکی دیکەی ئەو حوکمەدا هاتووە: \"پاش لێکۆڵینەوە، ڕوون بووەتەوە کە کەسی تاوانبار لە ئێران هەڵاتووە و دانیشتووی دەرەوەی ئێرانە و لە ڕێگای حیزبی دێموکرات پشتیوانی ماڵی و ئیتلاعاتی دەکرێت\".

لقی ١٠١ی دادگای ئینقلابی شاری شنۆ بە سەرۆکایەتی حوسێن ئیبراهیمی، سەرۆکی دادگای ئینقلابی ئەو شارە بە پشتبەستن بە \"مادەی ٩٩ی یاسای جێبەجێ کردنی تاوانە مەدەنییەکان لە یاسای دەسبەسەرداگرتنی گشتیی بۆ بەچۆکداهێنانی ناوبراو و بڕینی سەرچاوە ماڵییەکان لە ناوبراو هەوڵی دەرکردنی بڕیاری دەستبەسەرداگرتنی کەرەستەی ئەم تاوانبارە\" دەدات.

یەعقووب مستەفەوی خەڵکی \"نەڵۆس\" سەر بە شاری شنۆیە و بە هۆی گوشاری ناوەندە ئیتلاعاتییەکان بە زۆرەملی زێدی خۆی بەجێهێشت و هەنووکە وەکوو پەنابەر لە یەکێک لە وڵاتانی ئۆرووپایی نیشتەجێیە.