بە تەقەی پۆلیسی شاری بووشێهر ٥ هاووڵاتیی عەرەب بوونە قوربانی

15:29 - 17 پووشپەڕ 2716
ئاژانسی کوردپا: لاوێکی عەرەب، نیشتەجێی عەسەلویە لە باشووری ئێران کرایە ئامانجی تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران و لە ئاکامدا گیانی لە دەست دا.

بەپێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، هێرشی هێزەکانی پۆلیس بۆ سەر شاری \"نخل تقی\" لە پارێزگای بووشهر ژمارەیەک کوژراو و برینداری لێ کەوتەوە.

لەو ڕووداوی شاری عەسەلویە، لاوێکی عەرەب بە ناوی خەلیل باقری بە هۆی تەقەی ڕاستەوخۆ کە لە سەری درابوو، دەستبەجێ گیانی لە دەست دا.

یوسف بنی عەرەب یەکێک لە چالاکانی بەناوبانگی عەرەب لە تۆڕی کۆمەڵایەتی خۆی، لە فیس بووک‌دا ڕاگەیاند: هێزە ئینتزامییەکان جێژنی نەتەوەیی عەرەبیان بە خوێن کێشا.

ئەو چالاکە عەرەب لە درێژەدا باسی لە پێنج لاوی دیکەی بێ تاوانی عەرەب کرد کە لە درێژەی تەقە بەربڵاوەکانی پۆلیس بریندار بوون.

سەبارەت بە چۆنیەتی ڕوودانی ئەو ڕووداوە گوتراوە، خەلیل باقری بۆ هێنانی هێندێک کەل‌وپەلی شەخسی خۆی لە ناو پاپۆرەکە سەردانی لەنگەرگا دەکات و لەوێدا لەگەڵ دەرەجەدارێک بە ناوی \"ڕەشیدی\" تووشی دەمەقاڵە دەبێت و لە ئاکامدا بە هۆی ئەو شەڕە قسەیەوە، مەئموورە ئینتزامییەکە تەقە لەو لاوە عەرەبە دەکات و دەیکوژێ.

لە شوناسی بریندار بووەکان ڕۆژی جێژن هیچ زانیارییەک لە بەردەست دا نیە.

شاری نخل تقی لە پارێزگای بووشهر لە باشووری ئێران هەڵکەوتووە، کە تەواوی دانیشتوانەکەی عەرەب و سوننی مەزهەبن.