بە تەقەی هێزەکانی پۆلیس هاووڵاتییەک لە ئابدانان بریندار بوو

15:06 - 12 بانەمەڕ 2717
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی خەڵکی شاری ئابدانان سەر بە پارێزگای ئیلام لە ئەنجامی تەقەی هێزەکانی پۆلیس بە سەختی بریندار بوو.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی دووشەممە لاوێکی تەمەن ٢٨ ساڵ لە شاری ئابدانان لە کاتی سەردانی ئیدارەی کاروباری عەشایەری لەو شارە بۆ دابین کردنی ئاو، لەگەڵ بەرپرسانی ئەو ئیدارەیە تووشی دەمەقاڵە دەبێتەوە.

هەواڵی نێردراو بۆ ئاژانسی کوردپا باس لەوە دەکات کە، ئەو هاووڵاتییە کوردە لە ئەنجامی وڵام نەدانەوەی بەرپرسانی ئیدارەی کاروباری عەشایەری، شوشەکانی ئەو ئیدارەیە دەشکێنێت.

لە ئەنجامی ئەو شەڕ و تێکهەڵچوونەدا، هێزەکانی پۆلیس ، تەقە لەو لاوە دەکەن کە لە ئەنجامدا بریندار دەبێت.

بەوتەی ئەو سەرچاوەیە، هێزەکانی پۆلیس چوار گوللەیان بە لاقیەوە ناوە و بەمشێوەیە برینداری دەکەن.

هەواڵدەریی ئیسنای ئیلام وێرای پشتڕاست کردنەوەی ئەم هەواڵە، بڵاوی کردووتەوە کە ئەو هاووڵاتییە بە \"سلاح سرد\"(قەمە) هێرشی کردووەتە سەر مەئموورانی ئەو ئیدارەیەو هێزەکانی پۆلیسیش تەقەیان لێکردووە.

ئەو هاووڵاتییە بۆ چارەسەری پزیشکی ڕەوانەی یەکێک لە نەخۆشخانەکانی ئەو شارە کراوە.