بە تەقەی هێزەکانی مێرساد هاووڵاتییەکی بەلوچ کوژرا

14:49 - 25 خاکەلێوه 2718
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەک لە ناسرئاوای شاری کرمان لەلایەن مەئموورانی مێرسادی کەهنوج درایە بەر دەسڕێژی گوللە.

چەند ڕۆژ پێش، هاووڵاتییەکی بەلوچ بە ناوی \"فەرهاد ئەکزایی\" تەمەن ٢٧ ساڵ کوڕی عیسمەت دانیشتووی شاری ئێرانشار بە هۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی مێرسادی کەهنوج گیانی لە دەست دا.

کەمپەینی چالاکانی بەلوچ وێڕای پشتڕاست کردنەوەی ئەم هەواڵە لە زاری باوکی ئەو لاوە بەلوچەوە بڵاوی کردەوە کە، گوللە لە سەری کوڕەکەی دراوە و پاش وەرگەڕانی ماشینەکەی، کوڕەکەی لە ئاگردا سووتاوە.

بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، فەرهاد بە ماشینەکەی سەرقاڵی موسافرکێشی بووە و هیچ شتێکی لەگەڵ نەبووە بەڵام مەئموورانی مێرساد دەسڕێژیان لێکردووە.

ئەو ڕووداوە لە جاددەی نێوان کەهنوج_ئیسلامئاوا لە ناوچەی ناسرئاوای شاری کرمان ڕوویداوە.

ساڵانە دەیان هاووڵاتیی بەلوچ بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامیی و ئینتزامییەکانی حکوومەتی ئێران دەکوژرێن؛ هەتا ئێستا هیچ ناوەندێکی حکوومەتی وڵامدەری ئەو جینایەتانە نەبووە.