بە تەقەی هێزەکانی سپا کۆڵبەرێکی تەمەن ٢١ ساڵە کوژرا

20:50 - 10 رەزبەر 2716
ئاژانسی کوردپا: تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی سپای پاسداران لە ناوچە سنوورییەکانی شاری بانە بوو بە هۆی گیان‌لەدەستدانی کۆڵبەرێکی تەمەن ٢١ ساڵە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، بە هۆی تەقەی ڕاستەوخۆی مەئموورانی چەکدار لە گوندی چۆمانی سەر بە شاری بانە، کۆڵبەرێک بە ناوی مێهدی ڕەحیم زادە کوڕی ئەحمەد گیانی لەدەست دا.

ئەو لاوە تەمەن ٢١ ساڵە پێش گەیاندنی بۆ ناوەندی دەرمانیی شاری بانە گیانی لەدەست دا.

\"\"هەواڵنێری کوردپا لە شاری بانە ڕایگەیاند: هێزەکانی سپا لەو گوندە بۆسەیان بۆ کۆڵبەران دانابوو.

ئەو کۆڵبەرە کوژراوە خەڵکی گوندی\"ئەبولحەسەن\"ی شاری بانە بووە.

هەر لەو پەیوەندییەدا ڕۆژی پێنج‌شەممەی حەوتووی ڕابردوو، هێزەکانی سپا تەقەیان لە ماشینی کاسبکارانی کورد لە شاری پاوە کرد، کە بریندار بوونی دوو هاووڵاتیی لێ کەوتەوە.

هەر ساڵ زیاتر لە سەدان کۆڵبەر لە ناوچە سنوورییەکان بە هۆی تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران گیانیان لەدەست دەدەن.

زۆرترین ئاماری کۆڵبەرانی کوژراو لە شارەکانی مەریوان،سەردەشت، بانە، شنۆ، پیرانشار، نەوسوو و جوانڕۆ ڕوو دەدات.