بە تەقەی هێزە نیزامییەکان، ماشینی کاسبکارێکی کورد وەرگەڕا

15:45 - 12 جۆزەردان 2719
ئاژانسی کوردپا: بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەت، ماشینی کاسبکارێکی کوردی خەڵکی شاری پیرانشار وەرگەڕا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئێوارەی ڕۆژی شەممە، ١١ی جۆزەردان، ماشینی کاسبکارێکی کوردی خەڵکی شاری پیرانشار، لە سێڕیانی \"پیرەکانی\" دەکەوێتە بۆسەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەت و لە ئاکامی تەقەی هێزە نیزامییەکاندا، ماشینی ئەو کاسبکارە کوردە وەردەگەڕێت.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ماشینی ئەو کاسبکارە کوردە، هەڵگری باری کاسبکاران بووە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ڕایگەیاند: \"هێزە نیزامییەکانی حکوومەت، جێگیر لە پایگای سیلوە، پاش ئەم ڕووداوە، ئەم کاسبکارە کوردە و ماشینەکەیان لەگەڵ خۆیان بردووەتە پایگا و لە چارەنووسی ئەم کاسبکارە، هیچ زانیارییەک لەبەر دەستدا، نییە.\"

ئەمە یەکەمجار نییە کە هێزەکانی حکوومەتی بێ‌ هیچ هۆکارێک بە بڕیاری دەزگای قەزایی تەقە لە ماشینی کاسبکارانی کورد دەکەن. تاکوو ئێستا بە دەیان جار کاسبکارانی کورد کراونەتە ئامانجی تەقەی ڕاستەوخۆی ‌هێزە ئینتزامییەکانی ئێران و بە توندی بریندار بوون و تەنانەت گیانیشیان لەدەست داوە.

ناوەندەکانی حکوومەت، لەگەڵ کۆڵبەران و کاسبکاران لە کوردستانی ڕۆژهەڵات، لەژێر ناوی \"قاچاغچیی شتومەک\"، هەڵسووکەوت دەکەن. لە کاتێکدا دانیشتووانی کوردستانی ئێران بە هۆی نەبوونی هەل و دەرفەتی کار و ڕوانینی ئەمنیەتی بۆ ئەو ناوچانە لە لایەن حکوومەتەوە، بە ناچاری ڕوو لە پیشەی مەترسیداری کۆڵبەری دەکەن و لەو پەیوەندییەدا، زۆرێک لە کۆڵبەران لەو ڕێگایەدا گیانی خۆیان لەدەست دەدەن.