بە تیزاب هێرش کرایە سەر هاووڵاتییەکی پیرانشاری

15:04 - 20 جۆزەردان 2719
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی شاری پیرانشار، لە لایەن کەسانێکی نەناسراوەوە، بە تیزاب هێرشی کرایە سەر و بەسەختی تووشی سووتاوی بوو.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی یەکشەممە، ١٩ی جۆزەردان، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی \"فەرعان ئەحمەدینژاد\"، تەمەن ٣٦ ساڵ، لە شەقامی قودسی شاری پیرانشاردا، بە تیزاب هێرشی کرایە سەر.

ئەم هاووڵاتییە کوردە، بۆ چارەسەریی پزیشکی، ڕەوانەی نەخۆشخانەی شاری پیرانشار کراوە و دواتر بە هۆی ڕێژەی سووتاوەکەیەوە، ڕەوانەی نەخۆشخانەی \"خومەینیـ\"ـی شاری ورمێ کراوە.

ڕوخسار و سینگ و باسکی ئەم هاووڵاتییە کوردە، ٥ هەتا ١٠ لەسەد سووتاوە و ئەگەری سووتاویی یەکێک لە چاوەکانی لە ئارادایە، هەروەها لەژێرچاوەدێریی تایبەتی پزیشکیدایە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، بکەرانی ئەم تیزابڕشتنە هێشتا نەناسراون و مەبەستیان لەو کارە، ناڕوونە.

لەم پەیوەندییەدا، ڕۆژی یەکشەممە، ١٠ی جۆزەردان، نوێنەرانی مەجلیسی ئێران لە ڕەوتی تاوتوێکردنی گەڵاڵەی \"سزای قورس بە سەر تاوانبارانی تیزابڕێژ و پشتیوانی لە بەرکەوتووان\"، ئەو گەڵاڵەیە پەسەند کرا کە کەسی تاوانبار بە مەبەستی تۆقاندن و دروستکردنی نائەمنی، \"مفسد فی الارض\" بە ئەژمار دێت.

کۆی پەسەندکردنی ئەو گەڵالەیە، بە ٢٠٦ دەنگی ئەرێنی، ٤ دەنگی نەرێنی و هەروەها ٣ دەنگی بێلایەن، لە کۆی ٢٣٠ نوینەری ئامادەی ئەو کۆبوونەوەیە، پەسەند کرا.