بە تۆپباران کردنی سپای پاسداران، لەوەڕگەکانی شاخی شاهۆ لە ناو ئاگردا سووتان

21:27 - 16 گەلاوێژ 2717
ئاژانسی کوردپا: بەشێکی زۆر لە لەوەڕگەکانی شاخی شاهۆ بە هۆی تۆپباران کردنی سپای پاسدارانەوە لە ئاگر دا سووتان.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئەمڕۆ دووشەممە ١٦ی گەلاوێژ، سپای پاسدران لەوەڕگەکانی شاخی شاهۆی کردە ئامانجی تۆپبارانو بەشێکی زۆر لە پووش و پاوەنی شاخی شاهۆ لە ئاگردا سووتان.

هەواڵنێری کوردپا ڕاگەیاند: بە هۆی تۆپباران کردنی شاخی شاهۆ لەلایەن سپای پاسدرانەوەلەوەڕگە و هەوارەکانی شاهۆ وەک\"پەچە ڕەش\"، \"هەواری شێخ عەزیزی\" لە ئاگردا سووتان.

هەواڵنیری کوردپا لە درێژەی ڕاپۆرتەکەیدا ڕاگەیاند: سپای پاسدران بەبیانووی بوونی هێزی حیزبە کوردییەکانی ئۆپوزسیونی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران هەوڵی تۆپباران کردنی شاخی شاهۆی داوە.

تۆپباران کردنی شاخی شاهۆ لە کاتژمێری ٩ بەیانی دەستی پێکردووە و هەتا ١٢ نیوەڕۆ درێژەی هەبووە.

ئەنجومەنەکانی\"ژیوای\" پاوە و \"ژینگەدۆستان\"ی کامیاران لە بەیاننامەیەکدا داوایان لە چالاکان و ژینگەدۆستان کردووە، کە لە کۆنتڕۆڵ و کوژراندنەوەی ئەو ئاگرکەوتنەوەدا یارمەتیان بدەن.

هەر لەو پەیوەندییەدا، ڕۆژی دووشەممە ٢٥ پووشپەڕ، سپای پاسدران شاخەکانی کۆساڵان لە ناوچەی سەوڵاوایان تۆپباران کرد؛ بەشێک لە دارستان و لەوەڕگەکانی ئەو ناوچەیە لە ئاگردا سووتان.