بە بیانووی هەبوونی قەلەڕەشە، دارەکانی پارکی دیواندەرە بڕدرانەوە+وێنە

15:51 - 12 جۆزەردان 2714
ئاژانسی کوردپا: لە رۆژانی رابردوودا و بۆ جارێکی دیکە و ئەمجارەیان بە بیانووی هەبوونی ژمارەیەک قەلەڕەشە، دارەکانی پارکی \"میللەت\"ی دیواندەرە، لەلایەن شارەوانیی ئەو شارەوە بڕدرانەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، پاش ئەوەی لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا چەندین جار و بە بیانووی جۆراوجۆری وەک: \"بوونی ژمارەیەکی زۆر لە تووشبوان بە ماددەی هۆشبەر لەو پارکە، ژمارەیەک لەدارەکانی پارکی میللەتی شاری دیواندەرە بڕدرایەوە، ئەو پارکە وێران بووە.

بە گوتەی هاووڵاتییانی شاری دیواندەرە، پارکی میللەتی ئەو شارە، کە تاقە پارکی شارەکەیە، چەند ساڵ پێش ئێستا بەرپرسی شارەوانی بەناوی (جیهانی)، بە بیانووی هەبوونی ژمارەیەک تووشبوو بە ماددەی هۆشبەر، کە بەو وتەی ناوبراو سیمای شارەکەیان تێکدابوو، ژمارەیەک لە دارەکانیان بڕییەوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادارلە شاری دیواندەرە بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند؛ شارەوانیی دیواندەرە مانگێک پێش ئێستاش بە بیانووی ئەوەی کە پارک پێوستی بە دیوار نییە، دیوارەکەی رووخاند و لە رۆژانی رابردووشدا بە بیانووی هەبوونی قەلەڕەشە لەو پارکە، دارەکانی نێو پارکەکەیان بڕییەوە و روون بۆتەوە ئەو بڕیارانە لەلایەن دادستانی ئەو شارەوە دراوە.

سەرچاوەکە ئەوەشی خستەروو، کە لێپرسراوانی شارەوانی بۆ پاساو هێنانەوە و خۆ دەرباز کردن لە دروست کردنەوەی پارکی میللەت، دەڵێن: \"شارەوانیی دیواندەرە ٢ ملیارد و نیو قەرزدارە و هیچ بودجەیەک بۆ دروست کردنەوەی تەرخان نەکراوە\".

تێکدانی پارکی میللەتی دیواندەرە لە کاتێکدایە، کە ناو شار هیچ شوێنێکی دیکەی بۆ حەوانەوەی گەشتیاران و هاووڵاتییانی شارەکەی تێدا نییەو ئەمەش ناڕەزایەتی و نیگەرانیی هاووڵاتییانی شارەکەی لێکەوتۆتەوە.

پێشتریش لە سەرەتای هاوینی ساڵی رابردوودا یەکێک لە ماڵپەڕەکانی شاری دیواندەرە چەند وێنەیەکی لە بڕینەوەی دارەکانی پارکی میللەتی دیواندەرە بڵاو کردبوویەوە، کە دارەکانی نێو ئەو پارکە لەلایەن مەئموورانی شارەوانییەوە بەبێ هیچ هۆکارێکی روون دەبڕدرانەوە.
\"20295.jpg\"

\"20296.jpg\"

\"20297.jpg\"

\"20298.jpg\"

\"20299.jpg\"

\"20300.jpg\"

\"20301.jpg\"

\"20302.jpg\"