بە بیانووی بڵاوکردنەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا هاووڵاتییەک لە پاوە دەسبەسەر کرا

11:49 - 18 بانەمەڕ 2720

بەرپرسی پۆلیسی فەتای پارێزگای کرماشان باسی لە ناساندن و دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییەک لە شاری پاوە کرد کە هەواڵی ناڕاستی سەبارەت بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە یەکێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو کردبووەوە.

"عەلی کەریمی" ڕایگەیاند: "لە ئەنجامی چاوەدێریی کارناسانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، کاناڵێک لە تۆرە کۆمەڵایەتییەکان ناسێندرا کە هەواڵی ناڕاست و ساختەی سەبارەت بە ڤایرۆسی کۆرۆنا بڵاو کردووەتەوە و لە ئاکامدا ئەو کەسە دەسبەسەر کرا".

بە وتەی ئەو بەرپرسە نیزامییە، ئەو هاووڵاتییە پاش دروستکردنی دۆسیە، ڕادەستی بەرپرسانی دادوەری کراوە.

 "عەلی کەریمی" هەروەها ڕایگەیاند: "هێزەکانی پۆلیسی فەتا بە بەردەوامی چاوەدێریی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەکەن و لە ئەگەری بڵاوبوونەوەی هەر هەواڵێکی ناڕاست و بڵاوکردنەوەی دەنگۆ لەسەر ڤایرۆسی کۆرۆنا، هەڵسوکەوتی یاسایی لەگەڵ ئەو کەسانە دەکرێت".