بە بۆنەی شەهید بوونی کاوە جەوانمەردەوە

16:52 - 19 پووشپەڕ 2716
ئاژانسی کوردپا: ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا بە بۆنەی شەهید بوونی کاوە جەوانمەرد، ڕۆژنامەوانی ناسراوی کورد، سەرەخۆشی خۆی ئاراستە تەواوی چالاکانی مەدەنی و ڕاگەیەنکارەکان دەکات.

شەهید کاوە جەوانمەرد یەکێک لە ئەندامانی هەیئەتی دامەزرێنەری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردستان(کوردپا) بوو کە ڕۆڵێکی بەرچاوی لە جێگر کردن، فۆرم پێدان و بەردەوام بوونی ئەو ئاژانسە سەربەخۆیە بووە.

لە ماوەی ٥ ساڵدا کە بە سەر دەستپێکی چالاکییەکانی ئەو ڕاگەیەنە تێدەپەڕی، کاوە هاوکات بە دانی ڕێکار و ڕێنوێنییەکانی خۆی، لە کردەوەدا بوو بە یەکێک لە ڕاگەیەن کارەکانی ئاژانسی کوردپا.

ئەو ڕۆژنامەوانە بەئەزموونە سەرەڕای ئەندامیەتی و چالاکی لە حیزبە کوردەییەکانی ئۆپۆزسیون، بۆ پاراستنی سەربەخۆیی و بڵاوکردنەوەیی هەواڵی ڕاست و گشتگیر، هەواڵەکانی پەیوەندییدار بە کوردستانی ئێرانی کردبووە ئامانجی ئیستراتژی هەواڵدەریی کوردپا.

کاوە جەوانمەرد خاوەنی بەڵگەی بڕواپێکراوی نێونەتەوەیی لە بیاڤی ڕۆژنامەوانی‌دا بوو. ماوەی ساڵانی ١٣٨٣ و ٨٤ی هەتاوی لەگەڵ حەوتوونامەی \"کەرفتوو\"هاوکاری کردبوو.

دەزگای قەزایی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە ساڵی ١٣٨٥ی هەتاوی ناوبراوی لە دوو دۆسیەی جیاجیادا بە تۆمەتی \"دژایەتی لەگەڵ خوا\" بە ٥ ساڵ زیندان و دوورخستەوە بۆ زیندانی مەراغە حوکم دابوو.

ڕۆژی ڕابردوو، ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەی دەفتەری سیاسیی حیزب، شەهید بوونی کاوە جەوانمەرد لە شەڕ و تێکهەڵچوون لە ڕۆژی سێ‌شەممە ١٥ی پووشپەڕ، لەگەڵ هێزە چەکدارەکانی سپای پاسداران لەگەڵ پێشمەرگەکان ڕاگەیاند بوو.

ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا شەهید بوونی کاوە جەوانمەرد بە خەسارێکی گەورە بۆ ڕۆژنامەوانانی سەربەخۆ و ئازادیخوازی کوردستان و سەرتاسەری ئێران دەزانێ و سەربەرزیی بۆ بنەماڵە و هاوڕێ و هاوسەنگەرانی کاوە لە کوردستان دەخوازێ.