بێکاریی کرێکارانی بیناسازی لە ئیلام + وێنـــە

17:12 - 31 پووشپەڕ 2713
ئاژانسی کوردپا: چوونەسەرەوەی نرخی کەلووپەلەکانی تایبەت بە بیناسازی لە ئوستانی ئێلام، بێکاریی کرێکاری پرۆژە بیناسازییەکانی لێکەوتەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژنسی هەواڵدەریی کوردپا، دوابەدوای چوونەسەرەوەی نرخی کەلووپەلەکانی تایبەت بە دروست کردنی بینا و خانووبەرە، دیاردەی بێکاری لە نێوان کرێکارانی ئوستانی ئیلام پەرەی سەندووە و ئەمەش کێشەو گرفتێکی زۆری بۆ هاووڵاتییان دروست کردووە.

ئەم رەوتە بێکارییە لە حاڵێک دایە کە زۆربەی کرێکارانی بیناسازی لە بیمەی کرێکاری بێبەرین و هەر لەو پەیوەندییەشدا جێگری بەرپرسی ئەنجومەنی باڵای کرێکارانی ئێران رایگەیاندووە، \"بەپێی بڕیارانامەی مەجلیسی ئێران بیمەی کرێکارانی بیناسازی راگیراوەو هاوکات لە سەرەتای ئەمساڵەوە هیچ کرێکارێکی پرۆژە بیناسازییەکان بیمە نەکراون.

پێشتریش بەرپرسی ئەنجومەنی \"انبوه سازان\"ی ئێران رایگەیاندبوو کە نرخی کەلووپەلەکانی وەک: \"ئاسن، پۆڵا، سیمان\" ٢٠% روو لە زیادبوون دەکەن.

هەروەها چوونەسەرەوەی نرخی کەلووپەلەکانی تایبەت بە بیناسازی، گرانیی نرخی خانووبەرە و زیادبوونی تێچووی پرۆژە بیناسازییەکانی بە دواوە بووە کە ئەم رەوتە لە ئوستانە سنوورییەکانی ئێراندا بەرچاوترە و ساز کردنی پرۆژە بیناسازییەکان راگیراون.

بێکاریی کرێکارانی بیناسازی لە ئوستانی ئیلام لە کاتێکدا دێتە ئاراوە، کە بەپێی ئاماری ئیدارەی گشتیی رێگەو شارسازیی ئوستانی ئیلام، پرۆژەی \"مسکن مهر\" لەو ئوستانە، ١٢ هەزار دەزگا خانووبەرەی لە خۆ گرتووە.

ئوستانی کوردنشینی ئیلام بە حەشیمەتی ٦٠٠ هەزار کەسەوە زۆرترین ئاماری بێکاریی لە ئاستی ئێراندا هەیە کە ئاماری بێکاری لەو ئوستانە لە ماوەی ٢٠ ساڵی رابردوودا بەردەوام لە سەرووی ٢٠%ـەوە بووە.
\"14094.jpg\"

\"14093.jpg\"