بێکاری و گرانی خەڵکی وەزاڵەهاتووی ئێرانی هێنایە سەر شەقامەکان

00:52 - 10 بەفرانبار 2717
ئاژانسی کوردپا: سەرەڕای هەڕەشەی بەرپرسانی حکوومەتی ئێران لە خەڵک وخۆپیشاندەران کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکان لە کوردستان و ئێران دژی حکوومەت بەردەوامه.

بەپێی هەواڵە کراوەکان، ئەمڕۆ شەممه ڕێکەوتی ٩ی بەفرانباری ١٣٩٦ی هەتاوی، خەڵکی کرماشان لە کوردستانی ڕۆژهەڵات، دژی بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران درێژەی هەیە.

خۆپیشاندەران لە کرماشان دژی حکوومەت دروشمی وەک \"زندانی سیاسی باید آزاد گردد\"، \"مرگ بر دیکتاتور\"یان بەرز کردووەتەوە. هەروەها لە کوردستان و سەرانسەری ئێران هێڵی ئینتێرنێت پچڕاوە وفەزای شارەکان میلیتاریزە کراوە.

هەواڵنێری ئاژانسی کوردپا باسی لەوە کردووە کە لە کرماشان ئاڵای حکوومەتی ئێران لە لایەن خۆپیشاندەرانەوە ئاگری تێبەر دراوە شوێنە ئیدارییەکانی ڕێژیم وێران کراون و هاوکات دروشمی \"مرگ بر خامنەای\"یان وتووەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتەکان هێزە جینایەتکارەکانی ڕێژیم لە پارێزگای لوڕستان لە شاری \"دروود\" تەقەیان لە خەڵک کردووە و ٦ لە خۆپیشاندەران کوژران و چەند کەسی دیکەش بریندار بوونە.

شوناسی ٤ کەس لەو خۆپیشاندەرانە کە کوژراون \"محەممەد چوباک، مۆحسێن ویرایەشی، حوسێن ڕەشنۆ و حەمزه لەشنی\" ڕاگەیەندراوە.

هەروەها لە پارێزگای ورمێش ڕێژیم فەزایەکی توندی ئەمنییەتی بە سەر شاردا زاڵ کردووە و هێزی نیزامی لە شەقامەکان جێگیر کردووە.

لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوو لە سەرانسەی ئێراندا خەڵک لە شارە جیاوازەکاندا دژی گرانی، قەیرانەکانی کۆمەڵگا، چارەسەنەکردنی کێشەکان و باقی کێشەکانی دیکە دژی ڕێژیمی ئێران هەستاونەتەوە و دروشمی دژی ڕێژیمیان بەرز کردووەتەوە.

سەر لە بەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە ٧ی بەفرانبار، خەڵکی شارەکانی مەشهەد، نیشاپوور و کاشمەر، بە نیسبەت گرانیی شتومەک، ناڕەزایەتییان دەربڕی و لەگەڵ هێزە ئەمنیەتییەکانی حکوومەتی تووشی شەڕو و پێکدادانی هاتن و چەند کەسێک بریندار بووە.

لەو پەیوەندییەدا، شارەکانی تاران، قوم، هەمەدان، زاهیدان، ئەراک، ئەسفەهان چەند شارێکی دیکەی دژ بە گەندەڵی و گرانی و بێکاری هاتنە سەر شەقانەکان و ناڕەزایەتییان دەربڕی.

هەروەها، وەزیری ناوخۆی ئێران ناڕەزایەتییەکان ئەمڕۆ و دوو رۆژی رابردووی ئێران بە نایاسایی لە قەڵەم دەدات و دەڵێ: هەر کەس دەیهەوێ خۆپیشاندان ئەنجام بدات، با داوا بکات.

عەبدولڕەزا رەحمانی فەزلی، وەزیری ناوخۆی ئێران، دەڵێ ئەگەر ناڕازییان دەیانهەوێ کۆببنەوە داوای مۆڵەت بکەن تاکوو داواکارییەکەیان لەلایەن وەزارەتی ناوخۆو بەڕێوەبەرایەتی پارێزگاکانەوە تاوتوێ بکرێ.

رەحمانی فەزلی گوتوویەتی: هەندێ لە ئێمە راپۆرتمان بەدەست گەیشتووە کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان خەڵک بۆ خۆپیشاندان بانگهێشت کراوە و ئەمجۆرە کۆبوونەوانەش بێ گومان نایاسایین.

لەگەڵ ئەوەشدا لە درێژەی ناڕەزایەتییەکانی رۆژانی رابردوودا ئەمڕۆش لە هەندێ لە شارەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی بەڕێوە چوو.