بێ‌ڕێزی بە زمان و فەرهەنگی کورد ناڕەزایەتی دووکاندارانی لێ کەوتەوە

20:43 - 13 رەزبەر 2716
ئاژانسی کوردپا: کاسبکاران و دوکاندارانی شاری مەهاباد لە هەمبەر بێ‌ڕێزی ڕاگەیەنەکانی حکوومەتی ئێران بە زمان و فەرهەنگی کوردی، لە هەوڵێک‌دا ناوە کوردییەکانیان لە سەر دوکانەکانیان دانا.


بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، دوکاندار و بازاڕییانی شاری مەهاباد بە گۆڕینی ناوەی دوکانەکانی خۆیان بۆ ناوە کوردییەکان، وڵامی بێ‌ڕێزیی ڕاگەیەنەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانیان بە زمان و فەرهەنگی کوردی دایەوە.

ناڕەزایەتییی بازاریانی شاری مەهاباد لەژێر ناوی\" گۆڕینی ناوی بێگانەی دوکاندارەکان بە دەستەواژەی ناوی ڕەسەنی کوردی\" بووە.

دوکاندارەکان ئامانجی خۆیان لەو کارە \"هەست بە بەرپرسایەتی‌کردن بۆ پاراستنی فەرهەنگی دەوڵەمەندی کوردی و بەربەرەکانی لەگەڵ نفوزی فەرهەنگی بێگانە و پێشگرتن لە بە تاڵان‌بردنی فەرهەنگی کوردی لە لایەن بانگەشەکاران\" ناو بردووە.

ئەو هەوڵەی کاسبکارانی شاری مەهاباد لە کاتێکدایە کە لە ماوەی ڕابردوودا ناوەندەکانی حکوومەتی لە شاری نەغەدە هەوڵی گۆڕینی ناوی شوێنەکان و گوڕەپانەکانی ئەو شارەیان بە زمانی ئازەری داوە و لە دانانی ناوی کوردی لە شوێنە گشتییەکان پێشگیریان کردووە.

گۆڕینی ناوی شوێن و گۆڕەپانەکانی شاری نەغەدە بە زمانی ئازەری، ناڕەزایەتی بەربڵاوی لە لایەن خەڵکی ئەو شارەوە لێ کەوتەوە.