بێوڵام مانەوەی ٢٦ـەمین ڕۆژی مانگرتنی خوێندکارانی ڕازیی شاری شائاباد، لە لایەن بەرپرسانەوە

15:37 - 24 جۆزەردان 2718
ئاژانسی کوردپا: خوێندکارانی کۆلێژی فەنیی ئەندازیاریی ڕازیی شاری شائاباد، سەر بە پارێزگای کرماشان، ماوەی ٢٦ ڕۆژە، لە هەمبەر نەبوونی ئازادیی بەیان، فەزای پولیسی و کێشەی سێنفی، مانیان گرتووە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٤ی جۆزەردان، مانگرتنی خوێندکارانی کۆلێژی فەنیی ئەندازیاریی ڕازیی شاری شائابادی پارێزگای کرماشان پێی نایە ٢٦هەمین ڕۆژی خۆیەوە.

خوێندکارانی ئەو کۆلێژە، لە ٢٦ ڕۆژ پێشەوە بە نیسبەت نەبوونی ئازادیی بەیان، فەزای پولیسی زاڵ بەسەر زانکۆ و نەبوونی ئیمکاناتی شیاو دەستیان داوەتە مانگرتن.

خوێندکارانی ئەو کۆلێژە دەڵێن: \"ئێمە بە کردەیی لە لایەن بەرپرسانی ئەو کۆلێژەوە هەڕەشەمان لێ کراوە و بە توندی فەزای ئەو کۆلێژە پولیسییە\".

خوێندکارانی کۆلێژی فەنیی ئەندازیاریی ڕازیی شاری شائابادی کرماشان پێداگریان کردەوە، کە تا وەدیهێنانی داخوازییەکانمان و باشتربوونی بارودۆخی ئەو کۆلێژە درێژە بە مانگرتنی خۆمان دەدەین.

هەتا ئێستا بەرپرسانی ڕێژیم لە زانکۆی ڕازیی شاری شائاباد، وڵامێکی ڕوونیان بە داخوازییەکانی خوێندکارانی ئەو کۆلێژە نەداوەتەوە.