\"بێهرووز بووچانی\" بووە براوەی خەڵاتی نەتەوەیی \"ژیاننامە\" لە وڵاتی ئوسترالیا

16:23 - 21 گەلاوێژ 2719
ئاژانسی کوردپا: نووسەر و ڕۆژنامەنووسێکی کوردی خەڵکی شاری ئیلام، خەڵاتێکی دیکەی ئەدەبیی وەرگرت.

\"بێهرووز بووچانی\"، ڕۆژنامەنووسی کوردی خەڵکی شاری ئیلام، لە دوورگەی مانۆسی وڵاتی ئوسترالیادا ژیان بە سەر دەبات و خەڵاتی نەتەوەیی \"ژیاننامە\"ی لەو وڵاتەدا بەدەست هێنا.

ئەم خەڵاتە ١٧ هەزار دۆلارییە، بە ڕۆمانی \"هیچ هاوڕێیەک جگە لە شاخەکان\" دراوە کە لە لایەن ئەو ڕۆژنامەنووسە کوردەوە نووسراوە.

ڕۆمانی \"هیچ هاوڕێیەک جگە لە شاخەکان\"، لە نووسینی \"بێهرووز بووچانی\"، هەتا ئێستا براوەی خەڵاتی ئەدەبیی جۆراوجۆر، بە تایبەتی خەڵاتی ویکتوریا بۆ ئەدەبیات و خەڵاتی ویکتوریا بۆ بەرهەمە نائەدەبییەکانی بە دەست هێناوە، بووچانی لە دوورگەی مانۆسدایە و دەوڵەتی ئوسترالیا ئیزنی چوونە دەرەوە لەو دوورگەیە بە ناوبراو نادات.

ساڵی ٩٦، ئەم ڕۆژنامەنووسە کوردە لە دێکیومێنتارێکدا، بە ناوی \"چۆکا\"، باسی لە ژیان و بارودۆخی پەنابەران لە کەمپی \"مانۆس و نارۆ\" کرد.

ئەو دێکیومێنتارە، بە مۆبایل وێنەی گیراوە و لە فێستیڤاڵی لەندەن بە سێ زمانی کوردی، فارسی و ئینگلیزی، بڵاو کرایەوە.

\"بێهرووز بووچانی\"، خە ڵکی شاری ئیلام و نووسه‌ر و ڕۆژنامه‌وانە. چوار ساڵ له‌مه‌و‌به‌ر تووشی گرفت بووە و ئیران و کوردستانی بەجێ هێشتوو له‌م چوار ساڵەدا لهسه‌ر ئه‌م که‌مپه کاری ڕۆژنامه‌وانی و مافی مرۆڤی کردووه و لە ڕۆژنامه نێونه‌ته‌وەییەکانی وەک ڕۆژنامەی \"گاردییه‌ن\" و \"هافینگتون پوست\"، بابەت دەنووسێت.