بێسەروشوێن بوونی کچە چالاکێکی مەدەنیی خەڵکی شنۆ

14:21 - 13 جۆزەردان 2718
ئاژانسی کوردپا: کچە چالاکێکی مەدەنیی خەڵکی شاری شنۆ، پاش چوونە دەرەوە لە ماڵ، بێسەروشوێنە و هەتا ئێستە نەگەڕاوەتەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، چەند ڕۆژ پێش، کچە چالاکێکی کوردی خەڵکی شاری شنۆ، بە ناوی \"گوڵاڵە مورادی\" پاش چوونە دەرەوە لە ماڵ، بێسەروشوێن بووە و هەتا ئێستا هیچ زانیارییەک لە بارەیەوە لە بەردەستدا نییە.

یەکێک لە نزیکانی ئەو کچە چالاکە کوردە، بە ئاژانسی کوردپا لە شاری شنۆی ڕاگەیاند: ماوەیەک پێش، ئەو کچە بە هۆی چالاکییەکانی لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە هەڕەشەی دەسبەسەرکردنی لێ کرا.

بە وتەی ناوبراو، بێسەروشوێن بوونی گوڵاڵە لە کاتێکدایە، کە چەند ڕۆژ پێش، هێزە ئیتلاعاتییەکان لە ڕێگای تەلەفۆنەوە، ئەو کچە چالاکە مەدەنییەیان بانگهێشتی ئەو ناوەندە حکوومەتییە کردبوو.

بە وتەی ئەو سەرچاوە ئاگادارە، بنەماڵەی مورادی بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووسی کچەکەیان سەردانی ناوەندە ئیتلاعاتییەکانیان کردووە، بەڵام زانیارییەکی ورد و دروستیان لە مەڕ چارەنووسی کچەکەیان بە دەست نەهێناوە.