بێرێزی کردن بە فەرهەنگی کورد لە لایەن بەرپرسی ستادی ئەمری بە مەعرووف و نەهی لە مونکێر

16:56 - 17 بانەمەڕ 2719
ئاژانسی کوردپا: بەرپرسی ستادی ئەمری بە مەعرووف و نەهی لە مونکێری پارێزگای سنە، جارێکی دیکە دەستی بە بێڕیزی بە فەرهەنگ و کولتووری هاووڵاتییانی کورد، کرد.

\"مەحموود ئەڵڵا مورادی\"، بەرپرسی ستادی ئەمری بە مەعرووف و نەهی لە مونکێر، لە کۆبوونەوەیەکدا، ڕەخنەی لە هەڵپەڕکێی کوردی گرت و ڕایگەیاند: هێندێک لە ئیدارە و دامودەزگاکانی حکوومەتی بەپێچەوانەی بەهاکانی شۆڕشی ئیسلامی دەجووڵێنەوە و ئەمەش جێی ڕەزامەندیی ئێمە نییە.

ئەو ئەندامە خۆجێیەی سپای پاسداران هەروەها دەڵێت: بەڕێوەبردنی بەرنامەگەلێک لە دەرەوەی چوارچێوەی بەهاکانی نیزام، جێگای نیگەرانییە و دەبێت ئەو دامودەزگایانە، کە ئیزنی وەها بەرنامەگەلێک دەدەن، بەرپرسیار بن.

مەحموود ئەڵڵا مورادی، بە ئاماژەدان بە فێستیڤاڵی هەڵپەڕکێی شاری بانە ڕایگەیاند: خەڵکی شاری بانە، لە ساڵانی پاش سەرکەوتنی شۆڕشدا، لە خۆبردوویی زۆریان بۆ پاراستنی بەهاکانی نیزام داوە و ئێستا بە جێگای ڕیزگرتنیان، بەرنامە و فێستیڤاڵی هەڵپەڕکێ بۆ ئەوان بەڕێوە دەبەن.

ناوبراو هەروەها وتی: سەرەڕای بەڕێوەبردنی ئەم جۆرە بەرنامە بێ‌بەهایانە لە سنە، سپای پاسداران لە پارێزگای سنە، لە ڕێگای بەرنامە بەبه‌هاکان ڕاوەستاوە و کار و چالاکی دەکات.

ئەمە دووهەمین جارە کە ئەو دەستوپەیوەندییە خۆجێیەی سپای پاسداران لە شاری سنە، لەم ماوەیەدا، دەستی بە بێڕێزی کردن بە فەرهەنگ و کولتووری کورد کردووە.

لە ڕۆژی ناولێنانی ڕۆژێک بۆ سنە بە ناوی \"ڕۆژی سنە\"، کە پیلانی دامودەزگاکانی حکوومەتی لەو شارەدا بووە و بۆ پەردەپۆشکردنی گەندەڵییەکان، سەرکوتکردن و ڕانتخواریی ڕێژیمە، ڕۆژی ٦ی بانەمەڕیان وەکوو ڕۆژی سنە، دیاری کرد و ناوبراو دەستی بە بێڕێزی بە کەلتوور و فەرهەنگی هاووڵاتییان، لەو شارەدا کرد.

مەحموود ئەڵڵا مورادی، بەرپرسی ستادی ئەمری بە مەعرووف و نەهی لە مونکێر، لەدایکبووی شاری دیواندەرە و دانیشتووی شاری سنەیە.