بێدەنگیی ڕەسووڵ خزری لە مەڕ کوژرانی کۆڵبەران، ناڕەزایەتیی چالاکانی مەدەنی لێ کەوتەوە

16:21 - 19 جۆزەردان 2718
ئاژانسی کوردپا: بێدەنگبوونی نوێنەری شارەکانی سەردەشت و پیرانشار لە مەجلیسی ئێران، لە مەڕ کوشتنی کۆڵبەران لە لایەن هێزە نیزامییەکانی حکوومەتییەوە، ناڕەزایەتیی چالاکانی مەدەنیی ئەو دوو شارەی لێ کەوتەوە.

چالاکانی مەدەنیی شارەکانی پیرانشار و سەردەشت بە بڵاوکردنەوەی ستاتوسگەلێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، لە مەڕ بێدەنگبوونی ڕەسووڵ خزری، نوێنەری ئەو دوو شارە لە مەجلیسی ئێران لە مەڕ کوژرانی کۆڵبەران ناڕەزایەتییان دەربڕی.

چالاکانی مەدەنی دەڵێن: \"هەموو ڕۆژێک شایەتی شەهیدبوونی کۆڵبەرێک لە شارەکانی پیرانشار و سەردەشتین و دوکتور ڕەسووڵ خزریش لەو پەیوەندییەدا بێدەنگە و خەریکی دانانی بنێرە پڕوپاگەندەکان، منەتنان لەسەر خەڵک و گرتنی وێنە لەگەڵ کارە فەرمایشی و فەرسایەشەکانیەتی....\".

هەروەها عوسمان موزەین، پارێزەری ناسراوی کوردی خەڵکی شاری سەردەشت، لە بێدەنگیی ڕەسووڵ خزری، ناڕەزایەتی دەربڕیوە و نووسیوویەتی: \"ڕەسووڵ خزری دەیەوێت هەموو خەڵک کۆڵبەر بن، ئەمە لە کاتێکدایە کە ئەم پیشەیە بەپێچەوانەی کەرامەتی مرۆڤەکانە. خۆش بە حاڵی ئێمە سەردەشتییەکان، کە ماوەی ٦ ساڵە بێنوێنەرین. ناوبراو (ڕەسووڵ خزری) نە بە ناو و نە بە کردەوە نوێنەری ئێمە نییە و کەمترین دەنگی خەڵکی شاری سەردەشتی بەدەست هێناوە، کە ٢٠٠ هەزار دەنگە.

بە وتەی عوسمان موزەین، \"کەسێ کە زۆرترین دەنگی لە پایگای جەڵدیان بە دەست هێناوە بە دڵنیایییەوە، سەر بەو پایگایەیە و ئامادە نییە لە مەڕ کوژرانی کۆڵبەران هەڵوێست بگرێت. من سنوورەکانی دیکە ئێرانم بینیوە، بەڵام هەموو سنوورەکان ئەمنن و پڕن لە داهات و کار بۆ خەڵک، بەڵام سنوورەکانی ئێمە بێجگە لە بەدبەختی و زیان بۆ ئێمە شتێکی تری تێدا نەبووە.

ڕۆژی پێنجشەممە ١٧ی جۆزەردان، ژمارەیەک لە کاسبکارانی کورد لە ناوچەی \"مێرگە چەکۆ\" لە نزیک گوندی \"زێوکە و ماشکان\" سەر بە شاری پیرانشار دەکەونە بۆسەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێرانەوە و لە ئەنجامی دەسڕێژی تەقەی هێزە نیزامییەکان، کاسبکاریکی کورد، بە ناوی \"ئەسعەد حەسەنزادە\" کوڕی خەلیل خەڵکی پیرانشار دەسبەجێ گیانی لە دەست دەدات.

هەروەها، شەوی پێنجشەممە ١٧ی جۆزەردان، هێزەکانی حکوومەتی ئێران، جێگیر لە پاسگای \"کەپرانـ\"ـی شاری سەردەشت، دەسڕێژیان لە ژمارەیەک لە کۆڵبەرانی ئەو ناوچەیە کردووە و لە ئاکامدا یەکێک لە کۆڵبەرانی کورد بە ناوی \"ئەسکەندەر محەممەدی\" کوڕی حەمزە، گیانی لە دەست دا.