بێبەریکردنی ٥ چالاکی کرێکاری لە مەرەخەسی پاش بەخشنامەی نوێی هێزی دادوەری

11:32 - 24 رەشەمه 2719

پێنج چالاکی کرێکاری بە ناوەکانی "خەبات دێهدار، هادی تەنوومەند، زانیار دەباغیان، تۆفیق مەحموودی و ئیسحاق ڕۆحی" سەرەڕای دەرکردنی بەخشنامەی نوێی هێزی دادوەری، لە مافی مەرەخەسی بێبەرین و هەنووکە لە زیندان دان.

"مەحموود ساڵحی"، چالاکی کرێکاری خەڵکی شاری سەقز لە پێوەندیی لەگەڵ پێنەدانی مەرەخەسی بەو ٥ چالاکە کرێکارییە کوردە ڕایگەیاندووە: "بە سەرنجدان بە لێدوانەکانی بنەماڵەی ئەو هاووڵاتییانە، دۆزگەرەکان هیچ هەوڵێک بۆ ئازادکردنی ئەو چالاکە کرێکارییانە ئەنجام نادەن".

ئەو چالاکە کرێکارییە لە درێژەدا وتوویەتی: "ئێمە کرێکاران خوازیاری ئازادیی تەواوی زیندانییانی سیاسیین".

بەپشتبەستن بە بەخشنامەی نوێی هێزی دادوەری، ئەو زیندانییانەی کە بە تۆمەتی "هەوڵدان دژی تەناهی نەتەوەیی " و زیندانییەکەی کەمتر لە ٥ ساڵە بە شێوەی کاتی مەرەخەسیان پێدراوە.