بێبەریکردنی زیندانییەکی سیاسی لە مافی مورەخەسی وەرگرتن

16:52 - 17 رێبەندان 2719

زیندانییەکی سیاسیی کورد بە ناوی "عارف محەممەدی" کوڕی "مەولوود"، تەمەن ٣٣ ساڵ و خەڵکی گوندی باوان سەر بە ناوچەی مەرگەوەڕ، لە گرتووخانەی ناوەندیی ورمێ لە مافی مورەخەسی وەرگرتن بێبەری کراوە.

ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە، ڕێکەوتی ١٠ی پووشپەڕی ئەمساڵ، لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر و پاش ٢١ ڕۆژ ڕاگرتن لە ژووری تاکەکەسی، بۆ بەندی ١٢ی زیندانی ورمێ ڕاگوێزرا.

ناوەندە ئیتلاعاتییەکان لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا، پێشیان لە ئازادکردنی کاتیی ئەو زیندانییە سیاسییە بە دانانی بارمتە، گرتووە.

"عارف محەممەدی" ڕێکەوتی ١٢ی گەلاوێژ، لە لقی ٢ی دادگای ئینقلابی ورمێ بە سەرۆکایەتیی دادوەر "شێخلوو" دادگایی کرا و بە ٥ ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم و ئەو حوکمە لە لقی ١٣ی دادگای پێداچوونەوەی ورمێ بە دوو ساڵ زیندانی کەم کرایەوە و مانگی خەزەڵوەری ئەمساڵ، بە شێوەی فەرمی ئەو حوکمەی پێ ڕاگەیەندرا.