بێبەریکردنی دوو زیندانیی سیاسیی کورد لە مافی مەرەخەسی وەرگرتن

17:46 - 10 جۆزەردان 2720

دوو زیندانیی سیاسیی کورد لە گرتووخانەی ئەردەبێڵ بە ناوەکانی "حەسەن جووجەگەڵوانی" کوڕی "ئەحمەد" و "واحید بێهبەهانی"، لە ماوەی زیندانیکرانیان هەتا ئێستا، لە مافی مەرەخەسی وەرگرتن بێبەشن.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، بەرپرسانی زیندانی ئەردەبێڵ بە شێوەی بەردەوام داخوازیی مەرەخەسیی ئەو دوو زیندانییە سیاسییە کوردە ڕەت دەکەنەوە.

ئەو دوو هاووڵاتییە پیرانشارییە، ڕێکەوتی ١٤ی بانەمەڕی ساڵی ٩٧، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران و بۆ ماوەی دوو مانگ لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ لەژێر لێکۆڵینەوەدا بوون.

"حەسەن جووجەگەڵوانی و واحید بێهبەهانی" پاش تەواوبوونی ماوەی لێپرسینەوەکەیان، ڕۆژی ١٠ی گەلاوێژی ساڵی ٩٧، لە لقی دووی دادگای ئینقلابی ورمێ بە سەرۆکایەتیی دادوەر "شێخلوو" دادگایی کران و لە حوکمێکدا، حەسەن جووجەگەڵوانی بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران" بە ٥ ساڵ زیندانیی تەعزیری و واحید بێهبەهانی بە هەمان تۆمەت بە ٦ ساڵ زیندانیی تەعزیری و دوورخرانەوە بۆ زیندانی ئەردەبێڵ مەحکووم کرابوون.

ئەو دوو زیندانییە سیاسییە بەو حوکمە ناڕەزایەتییان دەربڕیبوو و دادگای پێداچوونەوەی ورمێ داواکاری پێداچوونەوەی ئەو دوو زیندانییەی ڕەت کردبووەوە و دووبارە هەمان حوکمی پشتڕاست کردبووەوە.