بێبەریبوونی خوێندکارێکی بەهایی لە خوێندن لە زانکۆی ورمێ

14:22 - 28 خەرمانان 2718
ئاژانسی کوردپا: خوێندکارێکی بەهایی، لە زانکۆی پەیام نووری شاری ورمێ، لە لایەن ئەو زانکۆوە بۆ درێژەدان بە خوێندنی باڵا بێبەری کرا.

بەپێی هەواڵە بڵاوکراوەکان، میساق ئیغسانی، خوێندکاری بەهایی، بە هۆی بەهاییبوون لە درێژەدان بە خوێندنی باڵا لە لایەن زانکۆی پەیام نووری شاری ورمێیەوە، لە خوێندن بێبەری کرا.

بێبەریبوونی ئەو خوێندکارە بەهایییە لە حاڵێکدایە، کە باوکی ناوبراو یەکێک لە کەمئەندامانی شەڕی ئێران و عێراق بووە و هەروەها دووکانی ماڵی باپیری ئەو خوێندکارە، لە لایەن دەزگا پەیوەندییەدارەکانی حکوومەتیی ئەو شارەوە پۆلمپ کراوە.

بەهایییەکانی ئێران ١٥٠ هەتا ٣٠٠ هەزار کەس حەشیمەتیان هەیە، کە گەورەترین کەمایەسییە مەزهەبییەکان لە ئێراندا پێک دێنن و بەپێی یاسای بنەڕەتیی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران وەکوو کەمایەسییەکی دینی نەناسراون.

بەهایییەت دینێکە کە میرزا حوسێنعەلی نووری، ناسراو بە \"بەهاوڵڵا\"، لە نیوەی یەکەمی سەدەی ١٩ی زایینی دایمەزراندووە و پیشینەی دینی بەهایی پەیوەندیی لەگەڵ \"شێخیە و بابیە\"دا هەیە و پەیڕەوانی ئەم دینە لە ئێراندا لەگەڵ هێرش و توندوتێژی حکوومەتە یەک لە دوای یەکەکانی ئێران، لە سەردەمی قاجارەوە هەتا ئێستا بۆ سەر ئەم کەمایەسییە دینییە درێژەی هەیە.