بێ ڕێزیی سیستماتیك بە كوردانی لەك، ناڕەزایەتیی بەربڵاوی خەڵكی لێ كەوتەوە

15:58 - 9 گەلاوێژ 2716
ئاژانسی كوردپا: شەپۆلێ بێڕیزیی بەردەوام و سیستماتیك بە زمان و شوناسە جیاوازەكانی ئێران، ئەمجارە كوردانی لەكی بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی ڕژاندە سەر شەقامەكان.

بەپێی هەواڵی هەواڵدەرییەكان، خەڵكی لەك لە شار و ناوچەكانی \"نووراوا\" و \"دولفان\"ی لوڕستان دژ بە بێڕێزیی گۆرانیبێژێكی فارسی سەر بە ڕێژیم بە كوردانی لەك خۆپیشاندانێكیان وەڕێ خست.

خەڵكی ناڕازی و چالاكانی فەرهەنگی و ئەدەبی بە جلی كوردییەوە و بەدانەوەی درووشمی وەك \"من لەكم\" لەو شارانەدا ڕژانە سەر شەقامەكان و داوایان كرد كۆتایی بەو بێڕێزییانە بهێنرێت.

ئەو ناڕەزایەتییەی كوردانی لەك لە هەمبەر بێرێزیی \"گۆرانیبێژێكی سەر بە ڕژیم\" بە ناوی خوازراوی \"خان\" بە ڕێوە چووە كە لە گۆرانییەكی خۆیدا خەڵكی لەك بە \"زمان نەفام\" و \"ناتێگەیشتوو\" و \"نەخوێندەوار\" ناو دەبات و دەڵێ چون لەكن مرۆڤ نین و ئەقڵیان لە ئاستی قەوزەیەكدایە.

ناوبراو لە درێژەی ئەو گۆرانییەدا، ئەو بەشە لە كوردەكان بە \"دز\" لە قەڵەم دەدات كە هیچ كات لە پۆمپی بەنزین پارە نادەن و ڕادەكەن و دەڵێ تا ماوەیەك بەر لە ئێستا هەر لە پشت كێوەكان بوون و شاریان نەدیتبوو و هەر لەگەڵ كەر و مەڕوماڵات دەژیان و دەڵێ ساڵێ جارێكیش خۆیان ناشۆن و ناچنە حەمام و هێزیان هێندەی كەرێكە و دەڵێ تەنانەت نازانن خەتەر (مەترسی) بە كام (ت) دەنووسن.

خەڵكی لەك بەشێك لە نەتەوەی كوردن كە لە پارێزگاكانی كرماشان، لوڕستان، ئیلام و هەمەدان دەژین. زمانی زگماكیی لەكەكان شێوەزاری لەكییە كە بە یەكێك لە شێوەزارەكانی زمانی كوردی دێتە ئەژمار. زۆربەی لەكەكان سەر بە ئایینزای شیعەن و بەشێكیشیان سەر بە ئایینی یارسانن.