بینای مێژوویی حاجی محەممەد خانی وەكیلی لە سەقز رووخاوە

15:07 - 11 رێبەندان 2711
كوردپا: بینای مێژوویی حاجی محەممەد خانی وكیلی لەسەر بڕیاری رێكخراوی میراس فەرهەنگی رووخێنرا.

بینای مێژوویی حاجی محەممەد خانی وەكیلی لە شاری سەقز كە بە یەكێك لە بیناكانی سەردەمی قاجاڕیە دێتە ئەژمار لەسەر بڕیاری ناوەندە پێوەندیدارەكانی حكوومەتییەوە روخێنرا.

ئەو بینایە لە شەقامی\"سەرچەم\" و لە گەڕەكی \"نارین قەڵا\" و لە نزیك مزگەوتی دوو منارە هەڵكەوتووە.

رووخانی ئەو بینا مێژووییە لەحاڵێك دایە كە پێشتر لایەنگرانی ئاسەواری مێژوویی و چالاكانی ئەو بوارە بە بەردەوامی داوایان لە ئیدارەی میراس فەرهەنگی كردبوو كە پێش بە رووخانی شوێنە مێژووییەكان بگیرێت.

هەواڵدەریی میراس فەرهەنگی بڵاوی كردەوە، ئەمیر ئێلاهی لێپرسراوی میراس فەرهەنگی پارێزگای كوردستان ئەو بینایەی بە ئاسەواری مێژوویی لە قەڵەم نەداوە.

چالاكانی ئەو بوارە لەو باوەڕە دان لێدوانەكانی ئەمیر ئیلاهی نیشانەی بێ‌بایەخ كردنی ئاسەواری مێژووییە لە كوردستان.

هێندێ‌لە مێژوو نووسان پێكهاتەی شاری سەقز دەگەرێنەوە بۆ 3 هەزار ساڵ لەمەوبەر.