بیرەوەریی زیندانییەک لەسەر "حەیدەر قوربانی" زیندانیی سیاسیی ئێعدامکراو

17:12 - 2 بەفرانبار 2721

سپای پاسداران بەزۆرەملێ کاک "حەیدەر"یان لە سێدارە دا و کاک حەیدەری قوربانی بوو بە ناسنامەیەک بۆ گەلی کورد.

دەقی تەواوی ئەو بیرەوەرییە کە بە دەستی ئاژانسی کوردپا گەیشتووە بەم چەشنەیە:

من پێش ئەوەی دەسبەسەر ببم پێشتر بیستبووم لە میدیاکاندا کەسێک بە ناوی "حەیدەر قوربانی" لەگەڵ "مەحموود سادقی" لەلایەن ڕێژیمی سێدارەوە دەسبەسەر بوون و خەڵکی کامێرانن، چەندین جار بە وێنە دیتبوومن کە من دەسبەسەر بووم لەلایەن ڕێژیمەوە، دوای چەندین مانگ لە دەسبەسەربوونم منیان دا بە زیندانی ناوەندیی سنە کە من لە دۆخیکی ھەرەخراپی جەستەییدا بووم.

کە دوای چەندین ڕۆژ لە قەرەنتینەی زیندانی سنە دابەشیان کردین لەلایەن کەسێک بە ناوی "عیسا" درامە بەند کە چەندین کەس ھەر دەھاتن لە منیان دەپرسی کێی و بۆ ھاتوویتە زیندان بەو تەمەنە کەمەوە!؟

منیش وتم برای ئازیزم ئەوەیە من ئاوا تۆمەتم پاڵخراوە لەلایەن کۆماری سێدارەوە و چەندین جار ئەشکەنجە کراوم کە لە دوای چەند ڕۆژیک بوو، ئەو کەسە ھاتەوە وتی لەسەر کام لایەن دەسبەسەر بووی وتم لەسەر کوردستان.

وتی دەی باش دواتر قسە دەکەینەوە، ڕەنگە لە ئێستادا باش من نەناسی و لەبەر باری ئەمنی نەتوانی قسەی خۆت بڵێیت، وتم من لە خزمەت جەنابتدامە و زۆر بە حورمەتەوە پێشوازیی لی دەکردم.

ڕۆژیک سێمینارێک بوو لە یاریگای زیندانی سنە کە بەندی ١ و ٣ی زیندانییان بانگھێشت کردبوو کە من لە یەکەم چاوپێکەوتندا ئەو کەسە ھاتەوە بۆ لام، وتی من ناوم فەرزادە، من باسی تۆم کردووە، لای کەسێک ڕەنگە خەڵکی یەک شار نەبن بەڵام ئەویش وەزعی وەک تۆیە بە توندی ئەشکەنجە کراوە و کەسایەتییەکی ناسراوە و ھەموومان خۆشمان دەوێت.

وتی ھەستە با بچین بۆ لای وەک ئەوەی کە من پیشتر بناسێت ھات، زۆر بەگەرمی ئەملا و ئەولامی ماچ کرد، وتی باوانەکەم من حەیدەر قوربانیم و خەڵکی کامێرانم. دیارە بە فکر زۆر لەیەک نزیکین منیش ھام لە ژۆری ٣ی بەندی ١ ھەرکات پێداویستییەکت ھەبوو وەرە بۆ لام، فەرمووی پێت خۆشە قورئان بخوێنی وتم بەڵێ پێشتریش قورئانم خوێندووە.

فەرمووی زۆر باشە پاشان کۆڕ و کۆبوونەوە تەواو ببێت قسە دەکەین، چوینەوە بۆ ناو بەند، کە من پرسیم لە چەند کەس باسی شەخسیاتی ئەو کەسە چۆنە، کە کاک ڕزگار زەندی فەرمووی کاک حەیدەر ٢ ساڵە دەسبەسەرە کە زەجری زۆری دیتووە، لێرەشدا کەس ھەست بە زیندان ناکات، ورەبەخشی ھەموو بەندکراوانە و دەتوانی لە کەسانی دیکەش بپرسی کە چۆن کەسێکە، من و کاک حەیدەری ئازیز زیاتر لە یەک نزیک بووینەوە، زۆرێکی بەندکراوان بە ناوی مەلا حەیدەر ناویان دەهێنا.

وتم کاک حەیدەر جەنابت مامۆستای؟ فەرمووی من قورئانم زۆر خوێندووە و ھاتوچۆی مزگەوتم کردووە کە ھەر لە دەرەوەی زیندانیش بەو ناوە ناسراوم، ھەستی غەریبی و ئێشی ئەشکەنجەم لە بیر دەچووەوە کە کاک حەیدەر باسی شێوەی لێدانی خۆی بۆ دەکردم. بەڵام کاک حەیدەر فەرمووی لە یەکەم کاتی دەسبەسەربوونماندا، بە شێوەیەکی دوور لە ئینسانی ھەڵسوکەوتیان لەگەڵ کردووین و ئیدارەی ئاگاھی سنە کەسێک بە ناوی سەرھەنگ "کەریمی" بە باتۆم و ئاسن لێی دەداین. کە کاک حەیدەر لە کاتی ئەشکەنجەدا چەندین جار لە ھۆش چووە و ئیدارەی ئاگاھی سنە ھەڕەشەی لێ کردووین دەتانکوژین، تیربارانتان دەکەین کە خۆین لە سەرمانەوە دەھاتە خوارێ تا بەری پێمانەوە، کە دوای چەندین مانگ لە دوای ئەشکەنجە و لێدان دایانینە زیندانی کامێران، لەوێش مەحموود سادقییان لە من جیا کردەوە و ئیتلاعاتی ڕێژیم فشاری زیاتری بۆ ھێنا، کە دوای ماوەیەکی کۆرت ڕایانگوازتین بۆ زیندانی سنە و لە ئێستادا ٢ ساڵە نەچوومەتە دادگا، کاک حەیدەری ئازیز ھەموو شەوێک بە ورەیەکەوە دڵداریی ئەو کەسانەی دەدا کەوا چەندین ساڵ لەوێ بوون لە زیندانی ڕێژیمدا بوون و کاک حەیدەری ئازیز ماھییەتەکەی وەدەرکەوت کە چەندە شەخسییەتی گەورەیە.

بە قەد بەرزایی داڵاھۆ و قەندیل و شاھۆیە،

کە نەک لە دەرەوەی زیندان خۆشەویست بووە لە زیندانیشدا، دڵی ھەرە کەسێکی خۆش کردووە، جێگای ئاماژەیە کاک حەیدەر لەو ماوەیەدا کە لە بەندی ١دا بوو ٢ جار لەوحی ڕێزیان پێشکەش کرا. وەک کەسیکی ئایینی ناو زیندانی سنە. کاک حەیدەر جگە لە بەندی ١، لە ھەموو بەندەکانی دیکەش خۆشیان دەویست، ڕۆژێک ڕەئیسی زیندانی سنە بە ناوی "حەیدەری" کاک حەیدەری دایە بەندی ٧ی زیندانی سنە، کە ھەموومان لەبیریدا بووین و جێگای دیار بوو لەناوماندا، ٢٣٠ کەس یادی دەکرد، دوای ماوەیەکی کورت وەک ئەزییەتکردن کاک حەیدەریان ناردەوە بۆ لامان و خۆشحاڵ بووین بە ھاتنەوەی، کاک مەحموود سادقی لە ھەموومان زیاتر خۆشحاڵ بوو، من و کاک حەیدەر ھەموو ڕۆژێک دەچووین بۆ یاریگای زیندان وەرزشمان دەکرد، باش باش ماندوو دەبووین و دەھاتینەوە، سەرەڕای ماندووبوونی لە یاریگا کاک حەیدەر زیاترت حەز دەکرد لەگەڵیدا وەرزش بکەیت،کە ھەموو وەرزشوانەکانیش کاک حەیدەریان خۆش دەویست. لە دوای ماوەیەکی زۆر لە زیندانی سنە، ژوورێکی تایبەت بە ژووری سیاسی ساز کرا.

"کەپ ١ و ٢"

"لە پویشی ١دا بووین" لەو ٢ ژوورەشدا کە بەش کراین، من و کاک حەیدەرلای یەک بووین کە کاک حەیدەر بە پارەی خۆی ١٢ قاڵیی بۆ ئەو ژوورە کڕی، وەک دیاری بۆ زیندانییانی سیاسی ھەر بمێنیتەوە و بە هەوڵی خۆی و ماندووبوونی. کەسایەتییەکی گەورەی ھەبوو کە برایانی کۆمەڵە زۆریان خۆش دەویست، کە ھاوڕێی ھەرە نزیکی شەھید "ڕامین حوسێن پەناھی بوو، کاک حەیدەر ڕێزی بۆ ھەموو لایەنەکانی دیکە دادەنا و زۆر بە ڕێزەوە ناوی دەبردن ھەر بەو ھۆیەوە کاک حەیدەر ڕێزدار بوو و لەلای ئێمە وەک مامۆستایەکی فێربوون بوو. لە شەخسییەت، لە ھەڵسۆکەوت، لە دڵداری، لە ورە، لە ئیمان، لە باوەڕ و...

کاک حەیدەرم نەدیت بۆ یەک جار کز ببێت یان خەم لە ڕووخساریدا بێت، ھەموو کات باسی لە خۆشەویستیی نیشتمان دەکرد و دەیفەرموو خۆشەویستیی نیشتمان پێوەندیی بە کەرامەتی ئینسانەوە ھەیە و چەندین کەس شایەتحاڵن کاک حەیدەر کەسێکی خۆش بویستبا پێی دەوت "نامیزان" بەوپەڕی ڕووخۆشییەوە کەسێک تازە بھاتبا دەیھێنایە سەر سفرەکەی دەیفەرموو من خۆم بە بچووک گشت کوردێک دادەنێم، حازرم چاوگەلم دەربێرم بۆ مناڵە کوردێک کە پێویستی بە چاو بێت.

کاک حەیدەر ھیچ زمانێک ناتوانێ وەسفی شەھامەت و دڵپاکی و ڕاستبوونی بکات، ھەموو کات بە منی دەوت تەنیا شتێکت کە بۆ دەمێنێیتەوە ڕاستییە، بەڕاستی و پاکیی خۆی خزمەتی بە نیشتمانمان دەکرد

کاک حەیدەر لە زیندانی سنە دەیان و سەدان کەسی لە خواردنی مادە ھۆشبەرەکان ھەڵگەڕاندەوە کە وەک تەنیا دڵسوز و خەمخۆر بوو لەناو ھاوڕێیاندا، کاک حەیدەر دەیفەرموو ھەرچی پێش ھات خۆش ھات، من ٤٠ ساڵ تەمەنی سەربەرزیم کردووە، ئەوی دیکەش بۆ جەلادان، چیم لی دەکەن با بیکەن، گەر واش نەبێت ھەر دەمرم.

وتم مامۆستا وامەفەرموو، من و تۆ پەیمانمان داوە پێکەوە بین تۆ نامری ھیچت لێ نایەت، چاوی منی ماچ کرد وتی، ئێمە داربەڕووین بیشمرین زیندوو دەبینەوە، کاک حەیدەر ھەر قسەی شەو و ڕۆژی ھێمنی کوڕی بوو کە بۆ یەکەمجار قسەم لەگەڵ کرد ھێمن دیار بوو وەک بابی کەسێکی بەورە بوو، وتی لەلایەن منەوە باوکم ماچ بکە، وتم بان چاو ئابرا گیان، ھێمن وتی تاسەی باوکم دەکەم، بەڵام شانازییە بۆ من کە ئاوا باوکێکم ھەیە.

ھێمن درۆستە ١٦ساڵ تەمەنی بوو، لە قسەکانیدا ھەستت دەکرد کەسیکی ٣٠ ساڵ تەمەنە وەک باوکی قسەخۆش و دڵگەرم و ئازیز.

ڕۆژگار تێپەڕ دەبوو کە لە دادگاوە ڕۆژ دیاری کرا بۆ دادگایی کاک حەیدەر کە دوای چەند ڕۆژ ١٢٠ ساڵ حوکمی بۆ ھاتەوە و کاک حەیدەر وەک ئەوەی ١٢٠ کاتژمێر بێت. لە جاران بەورەتر و بەھێزتر بوو کە دوای چەند ڕۆژی دیکەش دادگایی کران لەگەڵ کاک مەحموود سادقی کە کاک مەحموود سادقی ٤٠ ساڵ و کاک حەیدەر حوکمی سێدارەی پێ درا.

دروستە کاک حەیدەر ھیچ ورەی کەم نەبوو، بەڵام ئێمە زۆرمان پێ ناخۆش بوو، بەڵام کاک حەیدەر زۆر بەورەتر و بەھێزتر لەگەڵ بنەماڵەکەی قسەی دەکرد کە لەو چەند ڕۆژە دابوو کە ھێمن گیانیان بەڕێ کرد بۆ وڵاتی ئاڵمان و ھێمن دوای چەند ڕۆژ کە گەیشتە ئاڵمان، کاک حەیدەر فەرمووی ئەوجار لە سێدارەش بدرێم قەیدی ناکات ھێمن و حەمید تەنیا ھیواکانی ژیانی منن، دواتر ھێمن دەتوانێ دایک و براکانیشی ببات بۆ ئاڵمان، تەواوی ئێمە بەپەرۆش بووین، بەڵام کاک حەیدەری ئازیز ورە پۆڵایینەکەی ڕۆژ بە ڕۆژ پۆڵائاساتر دەبوو، کە چەندین کەسی دیکە حوکمی زۆریان بۆ ھاتبووەوە کە کاک حەیدەر دڵداری دەدانەوە.

لە کاک حەیدەر من نزیکترین کەس بووم لێی کە سەدان جار یارمەتیی ھەژارانی نیۆ زیندانی داوە کە من بۆم بردوون و نەیھێشتووە کەس بزانێت، کاک حەیدەر سۆمبولێک لە مەردایەتییە و قەڵایەک لە خۆڕاگری بوو، کاک حەیدەر دەیان جار ڕاستەوخۆ بەرپرسانی ڕێژیم بێڕێزییان پێ کرد، ھیچ ناڕاحەت نەدەبوو.

بە قەد بەرزایی قەندیل نیشتمانی خۆی خۆش ویست و لای من وتی تا دوایین ھەناسەکانم درێژەدەری ڕێبازی باوکم "شەھیدعەلی" دەبم.

من و کاک حەیدەر کە لە ماوەی ٢ ساڵ و ١٥ ڕۆژەدا کە پێکەوە بووین وەک مامۆستایەکی فێربوونی خۆڕاگری و کۆڵنەدان کە بە ورە پۆڵایینەکەشی دوژمنی بە چۆکدا ھێنابوو، لەزیندانی سنە. سەرەڕای نەبوونی بەڵگەیەک بۆ سێدارەکەی، سپای پاسداران بە زۆرەملێ کاک حەیدەریان لە سێدارە دا و کاک حەیدەری قوربانی بۆ بە ناسنامەیەک بۆ گەلی کورد، کاک حەیدەر بەوپەڕی ناجەوانمێرییەوە شەھید کرا بەدەست ڕێژیمی ئێرانەوە و من لە دوایین قسەکانمدا بەڵێن بە خەڵکی نیشتمانپەروەری کوردستانی ئازیزمان دەدەم و دڵنیایان دەکەم ئەو ڕاسانەی کە شکۆی خەباتی نەمر کاک دوکتورقاسملووە سەر دەکەوێت و بە ئامانج دەگات، شۆڕشی حەقخوازانەی گەلی کورد بەو ورە پۆڵایینەی شەھید حەیدەر قوربانی ھەزاران و سەدان ھەزار شەھید حەیدەری دیکە پەروەردە دەبێت.

من ٢ ساڵ و ١٥ شەو لەگەڵ نەمر کاکە "حەیدەر"دا بووم و پەیمان دەدەم تا دوایین ھەناسەکانم درێژەدەری ڕێبازی پڕاوپڕ پڕ لە شانازیت بم.