بیروڕای گشتیی کوردستان بەهۆی بەدوادانەچوون بە ناڕوونییەکانی مەرگی کچە مەهابادییەکە، تووڕەیە

20:28 - 16 بانەمەڕ 2715
ئاژانسی کوردپا: ناڕوونی و گوماناوی بوونی مەرگی کچێکی لاوی خەڵکی مەهاباد و فەرمانبەری هۆتێلی تارا لەو شارە، بەهۆی تووڕەیی هاووڵاتییانی مەهابادی و بیروڕای گشتیی کوردستان ئاراستەیەکی نوێی بە خۆیەوە گرتووە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا و بە پشت بەستن بۆ کۆمەڵێک سەرچاوە کە هەواڵەکەیان پژڕاست نەکردووەتەوە، کچێکی لاوی خەڵکی شاری مەهاباد بەناوی \'\'فەریناز خوسرەوانی\'\' کە فەرمانبەری \'\'هۆتێل تارا\'\'ی ئەو شارە بووە، رۆژی دووشەممە رێکەوتی ١٤ی بانەمەڕ، بە مەبەستی \'\'پاراستنی نامووس\'\' و پێشگیری لە دەسدرێژیی مەئموورێکی سەربە \'\'ئیدارەی ئیتلاعات\'\'، لە نهۆمی چوارەمی بینای هۆتێلەکەوە خۆی بەر داوەتە خوارەوە.

بە وتەی هاووڵاتییانی دانیشتووی مەهاباد و شەپۆلێکی بەربڵاوی رووماڵی خەبەریی ئەو رووداوە لە دنیای مەجازی و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، کەسێک کە هەوڵی دەسدرێژی کردن بۆسەر ئەو کچەی داوە، لە مۆرەکانی سەربە ئیدارەی ئیتلاعات بووە.

بەپێی راپۆرتەکان، خاوەنی \'\'هۆتێل تارا\'\' لە مەهاباد بەناوی \'\'نادر مەولوودی\'\' بەستێنی دەسدرێژیی ئەو مەئموورەی ئیتلاعاتی بۆسەر ئەو کچە لەمەڕ وەرگرتنی ئیمتیازی ٥ ئەستێرە بۆ هۆتێلەکەی رەخساندووە و لە ئەنجامدا فەریناز بە ناچاری خۆی کوشتووە، بەڵام کارگێڕی هۆتێلەکە و کەسانی نزیک لەو کارگێڕە، هەواڵەکانیان بە درۆ خستووەتەوە.

کەسێکی نزیک لە کارگێڕی هۆتێل تارا بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاندووە، هەواڵە بڵاوکراوەکان لەبارەی ئەم رووداوەوە لە تۆرە کۆمەڵایەتییەکان و میدیاکاندا ناڕاستە، بەڵام هەواڵی مەرگی \'\'فەریناز خوسرەوانی\'\'، لە هۆتێل تارا پژڕاست کردووەتەوە و هۆکاری مەرگەکەشی بۆ بەربوونەوە لە نهۆمی سێیەمی ئەو هۆتێلە گەڕاندووەتەوە.

ئاژانسی کوردپا لە ئەگەری ناڕاست بوونی ئیدعای ئەم سەرچاوەیە، ناو و ناوبانگی ناوبراو لەمەڕ روونکردنەوەی بیروڕای گشتیی خەڵک بڵاو دەکاتەوە.

ئەو سەرچاوە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێ لە درێژەدا وتی: فەرمانبەری ئیدارەی گەشتیاری لەلایەن ئیدارەی ئاگاهیی مەهابادەوە دەسبەسەر و ٢ رۆژە لە پێوەندی لەگەڵ مەرگی ئەو کچە مەهابادییە لەژێر لێپێچینەوە دایە.

ئەو سەرچاوە پێوەندیی فەرمانبەری ئیدارەی گەشتیاری بە ئیتلاعاتەوە بە درۆ دەخاتەوە، بەڵام تێکڕای هەواڵە بڵاوکروەکان باس لەوە دەکەن کە ناوبراو مەئمووری ئیدارەی ئیتلاعاتە و لە دۆستانی نزیکی کارگێڕی هۆتێل تارا بووە.

بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، شەپۆلێکی بەرینی ناڕەزایەتیی بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی لێ کەوتووەتەوە.

پاش بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە لە میدیاکاندا، هاووڵاتییانی مەهابادی رایانگەیاندووە کەلە رۆژانی داهاتوودا، کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی لەمەڕ دادگایی کردنی خاوەنی هۆتێلی تارا و بکەرانی ئەو رووداوە لە بەرانبەر ئەو هۆتێلەدا بەڕێوە دەبەن.

فەریناز خوسرەوانی تەمەن ٢٦ ساڵە و دانیشتووی شاری مەهاباد، خاوەن بڕوانامەی لیسانسی کامپیۆتێر بووە.