بۆکان/ یەکەم جەلەسەی دادگایی کردنی تاوانبارانی تێزاب پێداکردنەکە بەڕێوە چوو

20:55 - 29 پووشپەڕ 2715
ئاژانسی کوردپا: تاوانبارانی پژاندنی تێزاب بە ژنانی کورد لە یەکەم دادگایکردندا لیپرسینەوەیان لەگەڵدا کرا و پەروەندەکانیان تاوتۆێ کران.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئەمڕۆ دووشەممە ٢٩ی پووشپەڕ، یەکەم کۆبوونەوەی پێراگەیشتن بە پەروەندەی قوربانیانی تێزاب کە رۆژی ٢٣ی پووشپەڕ لەشاری بوکان بوونە قوربانی، بەرێوە چوو.

بەرێوەچوونی ئەو دادگایە لە کاتێک دایە کە کەسانی نزیک لە بنەماڵەی قوربانییەکان باسیان لە ئەمنیەتی بوونی ئەو رووداوە دەکرد.

\"28216.jpg\"
سەرچاوەیەکی ئاگادار لەشاری بوکان بە ئاژانسی کوردپای راگەیاند: لەو رووداوەدا ٧ هاووڵاتیی بەر تێزاب پژاندنەکە کەوتبوون، کە ٤ کەسیان بە جەستە بریندار ببوون و سێ ژنی دیکەش جلەکانیان سووتابوو.

سەرچاوەیەکی ئاگادار باسی لەوە کردووە کە قوربانییەکان لە باری دەرونیەوە هیچ باش نین.

شەوی سێ‌شەممە ٢٣ی پووشپەڕ، حەوت ژن و کچی کوردی خەڵکی شاری بوکان تێزابیان پێداکرا و ٤ کەسیان بریندار بوون.

لەو بارەیەوە ناوەندە پیوەندیدارەکان ٣ کەسیان وەکوو بکەرانی ئەو رووداوە دەستبەسەر کردبوو.

عەلی ئیسماعیل نژاد چالاکی سیاسی و برای سوێسنە کە یەکێک لە قوربانییەکان بوو لە وتووێژێکدا بە ئاژانسی کوردپای راگەیاندبوو، ناوەندە ئەمنیەتییەکان لە پشت ئەو رووداوەوە بوون.

لەو رووداوەدا سێ کەسی دیکەش بوونە قوربانی کە کەسێکیان ژنی شۆڕش فەیزی نژاد کوڕی هونەرمەند رەشید فەیزی نژادە و دوو کچەکەی دیکەش سەر بە بنەماڵەی مەعرووفی و کچی مەحموود مەعرووفین.

پاش ئەو رووداوە چالاکانی ژنان لەبانگەوازێکدا داوایان لەهاووڵاتیان کرد کە بە بەڕێوەبردنی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی بێدەنگی خۆیان لەهەمبەر ئەو کارەساتەدا بشکێنن.

پێنجشەممەی رابردوو ئەو کۆبوونەوەیە بەڕێوە چوو و تێیدا ٧ کەس کە یەکێکیان مامۆستای زانکۆ و ناوی سەعید حەسەنزادە بوو لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانەوە دەستبەسەر کران.