بۆکان/ وەرزشوانێکی بواری کاراتە پلەی یەکەمی پاڵەوانیی وڵاتی بەدەست هێنا

15:03 - 13 سەرماوەز 2716
ئاژانسی کوردپا: وەرزشوانێکی خەڵکی شاری بۆکان، لە بەشی وەرزشی ڕەزمیی کاراتە، شێوازی \"کیوکۆشین ماتسۆشیما کاراتە\"، پلەی یەکەمی کێبڕکێکانی پاڵەوانیی وڵاتی بۆخۆی مسۆگەر کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی کوردپا، \"ئیرەج ئاهەنگەری\" وەرزشوانی خەڵکی شاری بۆکان، بە سەرکەوتن بەسەر ڕکابەرەکەی خۆی لەم کێبڕکێانەدا، توانیویەتی پلەی یەکەم و خەڵاتی زێڕی ئەم کێبڕکێانە بەدەست بهێنێت.

ئەم وەرزشوانە کوردە، لە ئاستی گەورەساڵاندا و لە کێشی ژێر ٩٠کیلۆدا لە پارێزگای کرماشان، پلەی یەکەمی بەدەست هێناوە.

ئەم کێبڕکێانە، لە ژێر ناوی \" ئۆستاد شیهان مۆجتەبا شا عەلی\"، لە بناغەدانەرانی شێوازی کیوکۆشین کاراتە، ڕۆژی دوازدەی سەرماوەز، لە هۆڵی دوو هەزار کەسیی شاری سەحنە بەڕێوە چووە.

کیوکۆشین کاراتە، یەکێک لە شیوازەکانی وەرزشی کاراتەیە کە شێوازێکی کۆنتڕۆڵ نەکراوە و لە لایەن مامۆستایەکی ژاپۆنی بە ناوی \"ماسۆتاتسۆ ئۆیاما\"،بناغەکەی دارێژراوە.

لاوان و گەنجانی کورد بەردەوام لە بواری جۆراوجۆر و لە ئاستی وڵات و نێودەوڵەتی و جیهانیشدا شانازی تۆمار دەکەن، ئەمەش لە کاتێکدایە کە پارێزگا کوردنشینەکان لە بورای ئیمکاناتەوە لە بەرانبەر پارێزگاکانی دیکەی ئێران، لە ئاستێکی نزمدا جێی گرتووە.