بۆکان/ دەستبەسەر کردنی چەند هاووڵاتییەک لە لایەن هێزە ئەمنیەتییەکانەوە

20:58 - 1 رەزبەر 2717
ئاژانسی کوردپا: هێزە ئەمنییەتییەکانی حکوومەتی لە شاری بۆکان، چەند هاووڵاتییەکی خەڵکی ئەو شارەیان بە تۆمەتی پشتیوانیی لە پرسی ڕێفراندۆم لە سەربەخۆیی باشووری کوردستان لە یەکێک لە پارکەکانی ئەو شارە دەستبەسەر کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی هەینی ٣١ی خەرمانان، چەند هاووڵاتییەکی خەڵکی شاری بۆکان، بە تۆمەتی پشتیوانیی لە ڕێفراندۆم بۆ سەربەخۆیی باشووری کوردستان دەستبەسەر کراون و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراون.

هەواڵنێری کوردپا شوناسی دوو کەس لەو هاووڵاتییانەی کە دەستبەسەر کراون بە ناوەکانی \"پووریا قورەیشی\" و \"ئومید فاروقی\" تەمەن ١٨ ساڵ ڕاگەیاندووە.

بەپێی ئەو سەرچاوەیە، ڕۆژی ڕابردوو، ئەو دوو لاوە کوردە لەگەڵ چەند کەسێکی دیکە لە پارکی ساحێلی شاری بۆکان لە لایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی حکوومەتی ئێران لەو شارە دەستبەسەر کراون.

هەتا ئێستا بێجگە لەم دوو لاوە کوردە، شوناسی ئەو چەند کەسەکەی دیکە ناڕوونە.

ئەو سەرچاوە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو، هەتا ئێستا لە چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی ئەو دوو لاوە کوردە و ئەو چەند کەسەکەی دیکە هیچ زانیارییەک لە بەردەستدا نییە.

بەپێی سەرچاوەیەکی ئاگادار، بەدواداچوونی بنەماڵەکانیان بۆ ئاگادار بوون لە چارەنووسی کوڕەکانیان بێ‌ئاکام بووە.