بۆکان/ بێسەروشوێن بوونی هاووڵاتییەکی کورد پاش دەستبەسەر کران

14:57 - 31 پووشپەڕ 2713
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی کورد پاش ١١ رۆژ لە دەستبەسەر کران، هەتا ئێستا هیچ هەواڵێک لە چارەنووسی لەبەر دەستدا نییە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی پێنج‌شەممە رێکەوتی ٢٠ی پووشپەڕ \"محەممەد ئەمین حەشمی\" کوڕی ئەحمەد و خەڵکی گوندی \"قاڕنجە چکۆلە\"ی سەربە شاری بۆکان، لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە لەشوێنی کارەکەی دەستبەسەر کرا.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەک لە مەڕ هۆکاری دەستبەسەر کران و شوێنی راگیرانی ئەو هاووڵاتییە کوردەی شاری بۆکان لەبەر دەستدا نییە.

هەروەها رۆژی شەممە رێکەوتی ٢٢ی پووشپەڕ هاووڵاتییەک دیکەیبۆکانی بەناوی \"یوسف ساڵح‌زادە\" لەلایەن هێــزە ئیتلاعاتییەکانەوە لە ماڵەکەیدا دەستبەسەر و بۆشوێنێکی نادیار راگوێزرا و هەتا ئێستاش هێزە ئیتلاعاتییەکان هیچ هەواڵێکیان لە هۆکاری دەستبەسەر کران و شوێنی راگرتنی ناوبراو نەدرکاندووە.