بۆکان/ بڕیارە سەبارەت بە بەمەرگی گوماناوی لاوێک خۆپیشاندان ساز بکرێت

15:06 - 19 خەرمانان 2715
ئاژانسی کوردپا: پاش ئەوەی تەرمی لاوێکی کورد بە کوژراوی لەشاری بۆکان دۆزراوەیەوە، بریارە خەڵکی ئەو شارە بۆ مەحکووم کردنی ئەو کردەوەیە خۆپیشاندان ئەنجام بدەن، گومان دەکرێ کە ئەو لاوە دەستدرێژیی کرابێتە سەر.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، بەشێک لە چالاکانی شاری بۆکان لە بانگەوازێکدا داوایان لە خەڵک کردووە، لە هەمبەر نائەمنی و بشێوییەکاندا بێدەنگ نەبن و ناڕەزایەتی دەرببڕن.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپای راگەیاند، بڕیارە ئەمڕۆ پێنجشەممە رێکەوتی ١٩ی خەرمانان کاتژمێر ٥ی ئێوارێ بە کاتی تاران، خەڵک و چالاکانی شاری بۆکان لەبەردەم فەرمانداریی شاری بۆکان کۆببنەوە.

سەرچاوەکە ئەوەشی خستەڕوو، پاش ئەوەی تەرمی ئەو لاوە کوردە لە نزیک بیناکانی مێهری بۆکان دۆزرایەوە، خەڵک پێی نیگەران و ناراحەت بوون و پێیان وایە کە ئەو کارە جێگای گومان بووە.

تەرمی ئەو لاوە تەمەن ١٨ ساڵەیە لەکاتێکدا دۆزراوەتەوە کە جێگای چەقۆ بە جەستەییەوە دیار بووە.

لەو بارەیەوە هەواڵنێری کوردپا لەزاری چەند کەسێکەوە رایگەیاندووە، ئەو لاوە کوردە لەلایەن سێ کەسەوە دەستدرێژی کراوەتە سەر و پاشان هەر لەلایەن ئەو کەسانەوە کوژراوە.

\"28607.jpg\"
مەجید تەجەلا
ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا بە پشت بەستن بە زانیارییەکانی کەسانی ئاگادارەوە ئەو هەواڵەی بڵاو کردووەتەوە و تەنانەت باس لەوەش کراوە کە یەکێک لە تاوانبارەکان دەستبەسەر کراوە.

پێشتریش رووداوی لەم چەشنە رووی دابوو و تێیدا کچێک بە ناوی سومەیە پاش ئەوەی دەستدرێژیی کرابوویە سەر، تەرمەکەی لە نزیک پردی ئەمیراوێ دۆزرابوویەوە.

ماوەیەک لە مەوبەریش چەند کچ و ژن لەناو شاری بۆکان و لە سێ ڕێیانی سەنگینی لەلایەن کەسێکەوە تێزابیان پێدا کرابوو کە ببووە هۆی سووتانی جەستەی چەند هاووڵاتییەک.

پاش ئەو رووداوانە و دۆزرانەوەی تەرمی ئەو لاوە تەمەن ١٨ ساڵەیە، خەڵکی شاری بۆکان بڕیاریان داوە کە ئەمڕۆ پێنجشەممە لە بەردەم فەرمانداریی ئەو شارە کۆ ببنەوە.