بۆکان؛ کەماڵ فەقهی بەهۆی تەقەی هێزە ئەمنییەتییەکان گیانی لە دەست دا
ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە ۲۰ی ڕەزبەر، هاووڵاتییەک بە ناوی "کەماڵ فەقهی" کوڕی محەممەد خەڵکی شاری بۆکان، لە ڕەوتی کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکان، بەهۆی تەقەی هێزە ئەمنییەتییەکان، گیانی لە دەست دا.
بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئەمنییەتییەکان ئەو هاووڵاتییەیان لە سەر بانی ماڵی خۆیان لە ناوچەی "حەسار"ی بۆکان، دابووە بەر دەستڕێژی گوللە.
ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو، ئەو هاووڵاتییە بەهۆی بەرکەوتنی گوللەی هێزە ئەمنییەتییەکان، لە سەری بریندار و بەهۆی قورسیی برینەکانییەوە، لە نەخۆشخانەی "قولیپوور"ی بۆکان، گیانی لە دەست دابوو.
ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە ۲۰ی ڕەزبەر، ناڕازییان لە ناوچەکانی "میرئاوا"، "حەسار"، "ئەبووزەر" و "دارهەرمێ"ی بۆکان، بە دروشمی "مەرگ بەر دێکتاتۆر" و "ژن، ژیان، ئازادی"، ڕژانە سەر شەقامەکان.
هێزە ئەمنییەتییەکان پاش بەڕێوەچوونی کوبوونەوەی ناڕەزایەتیی، لەو ناوچانە، هێرشیان کردە سەر خۆپێشاندەران و تەقەیان لێ کردن.
لانیکەم ۱۰ هاووڵاتیی ناڕازی لەو کوبوونەوە ناڕەزایەتییانەدا، بە تەقەی هێزە ئەمنییەتییەکان، بریندار کران.