بۆکان؛ کەماڵ عەباسیوەند بۆ جێبەجێکردنی ماوەی زیندانییەکەی ڕەوانەی زیندان کرا

11:43 - 30 رێبەندان 2721

لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "کەماڵ عەباسیوەند" خەڵکی شاری بۆکان، بۆ جێبەجێکردنی ماوەی زیندانییەکەی ڕەوانەی زیندانی ئەو شارە کرا.

ئەو هاووڵاتییە مانگی بەفرانباری ئەمساڵ، لەلایەن لقی ١٠١ی دادگای کەیفەریی بۆکان، بە تۆمەتی "هەوڵدان دژی تەناهی نەتەوەیی" بە ٦ مانگ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرابوو.

ڕۆژی یەکشەممە ٣ی گەلاوێژ کەماڵ عەباسیوەند بەبێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزەکانی ڕێکخراوی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە لە شاری بۆکان دەسبەسەر و دواتر بۆ گرتنگەی ئەمنییەتیی ئیتلاعاتی سپا لە ورمێ ڕاگوێزرابوو.

ئەو هاووڵاتییە کوردە پاش ٣٥ ڕۆژ لە دەسبەسەری بە دانانی بارمتەی ٢٠٠ ملیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی هەتا کاتی دادگاییەکەی لە زیندانی بۆکان ئازاد کرابوو.