بۆکان؛ ڕادەستکردنەوەی تەرمی دوو هاووڵاتیی گیانلەدەستداو لە بەرانبەر دانی پارەی نەختی و دانانی بارمتەی ٢ میلیارد تمەنی

17:19 - 11 سەرماوەز 2722

لە درێژەی گوشار بۆ سەر بنەماڵەی گیانلەدەستداوانی ڕاپەڕین لە کوردستان، ناوەندە ئەمنییەتی - سەرکوتکەرەکان، لە بەرانبەر ڕادەستکردنەوەی تەرمی سلێمان شوکری و سەعدی شاڕۆخی‌فەر، بنەماڵەکانی ئەوانیان ناچار کردووە بە دانی پارەی نەختی و دانانی بارمتە، هەتا بتوانن تەرمی کوڕەکانیان وەرگرنەوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەیەوە بە کوردپای ڕاگەیاند: بنەماڵەی سلێمان شوکری ناچار کراون لەهەمبەر وەرگرتنەوەی تەرمی کوڕەکەیان، بری ٩٠ میلیۆن تمەن پارە بە ئیتلاعاتی سپا بدەن.

بەوتەی ئەو سەرچاوە ئاگادارە، باوکی سلێمان شوکری کۆچی دوایی کردووە و بەهۆی نالەباریی باری ئابووری بنەماڵەکەیان، ئەو بڕە پارەیە لەلایەن خەڵکەوە کۆ کراوەتەوە و دراوەتە ئیتلاعاتی سپا، هەتا جەنازەی کوڕەکەیان وەرگرتووەتەوە.

سلێمان شوکری تەمەن ٢٢ ساڵ، کوڕی عوسمان و خەڵکی شاری بۆکان، ڕێکەوتی ٢٩ی خەزەڵوەر، بەهۆی قورسیی برینەکانییەوە لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی ورمێ، گیانی لەدەست دا.

سلێمان شوکری، ڕۆژی پێنجشەممە ٢٦ی خەزەڵوەر، لە ڕەوتی ڕاپەڕینە سەرتاسەرییەکان لە شاری بۆکان، بەهۆی بەرکەوتنی گولــلەی هێزە ئەمنییەتیی_سەرکوتکەرەکان لە سەری و ڕوخساری، بەسەختی بریندار کرابوو.

ئەو سەرچاوە ئاگادارە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو: بنەماڵەی سەعدی شاڕۆخی‌فەر، ناچار کراون لەهەمبەر ڕادەستکردنەوەی جەنازەی کوڕەکەیان، دوو میلیارد تمەن بارمتە دابنێن.

هەروەها بنەماڵەی شاڕۆخی‌فەر، بەتوندی لە ژێر گوشاری هێزە ئەمنییەتییەکاندان و لە ئەگەری باس کردنی دانانی ئەو دوو میلیارد پارەیە، ئەو پارەیە، لەلایەن ئیتلاعاتی سپاوە، دەستی بە سەردا دەگیرێت. ئەمە لە کاتێکدایە کە هێزە ئەمنییەتیی - سەرکوتکەرەکان سەعدی شاڕۆخی‌فەریان لە کاتیکدا کە بۆ کڕینی شتومەک لە ماڵ چووبووە دەرەوە، دابووە بە دەسڕیژی گولــلە و بە لێدانی چەقۆ ئەو هاووڵاتییەیان کوشتووە و هەتا چوار ڕۆژ بنەماڵەکەیان لە چارەنووسی کوڕەکەیان ئاگادار نەبوون.

کاتژمێر یەکی نیوەشەوی ڕۆژی شەممە ۲٨ی خەزەڵوەر، سەعدی شاڕۆخی‌فەر، بۆ کڕینی شتومەکی ماڵەوە چووبووە دەرەوە و لە شەقامی "عەلیاوا" بەهۆی بەرکەوتنی گولـلە لە سینگی و هەروەها لێدانی چەند چەقۆیەک، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانەوە، گیانی لەدەست دابوو. 

پاش هەوڵەکان و بەدواداچوونی بنەماڵەی شاڕۆخی‌فەر، لە ماوەی چوار ڕۆژدا، بەوانیان ڕاگەیاندووە کە تەرمی کوڕەکەیان لە ساردخانەی نەخۆشخانەی "قولیپوور"ی بۆکانە.

پزیشکی دادوەری هۆکاری مردنی ئەو هاووڵاتییە کوردەی بۆ "خوێنبەربوون لە ناوەوەی جەستەی بەهۆی بەرکەوتنی کەرەستەی تێژ لە جەستە"ی، ڕاگەیاندووە. 

ڕێوڕەسمی ئەسپەردەکردنی سەعدی شاڕۆخی‌فەر، لەژێر چاوەدێریی توندی ئەمنییەتی بەڕێوەچووە و هێزە ئەمنییەتییەکان هەڕەشەیان لە بنەماڵەی ئەو هاووڵاتییە کردووە، لە وتووێژکردن لەمەڕ چۆنییەتیی کوژرانی کوڕەکەیان، خۆ ببوێرن.

ڕۆژی هەینی ۲۷ی خەزەڵوەر، سەعدی شاڕۆخی‌فەر، لە ڕێوڕەسمی ئەسپەردەکردنی گیانلەدەستداوانی خۆپیشاندانە سەرتاسەرییەکان لە بۆکان، بەشداریی کردبوو.

سەعدی شاڕۆخی‌فەر، خێزاندار و باوکی دوو کچی تەمەن ٥ و ۱۰ ساڵانەیە و ماوەی نزیک دوو ساڵە لە هەرێمی کوردستان، خەریکی کار بووە.