بۆکان؛ چیا ئاغابەیگ پوور بە زیندان، قامچی و سزای نەختی مەحکووم کرا

16:02 - 26 خەزەڵوەر 2721

هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "چیا ئاغابەیگ پوور"، کوڕی "ئەحمەد" و خەڵکی گوندی "ڕەحیم‌خان" سەر بە بۆکان، لەلایەن دادگای ئینقلابی ئەو شارەوە بە ١ ساڵ و ٢ مانگ زیندان، ٧٠ زەربە قامچی و دانی بڕی ٣٠ ملیۆن تمەن سزای نەختی، مەحکووم کرا.

دادگا ئەو هاووڵاتییەی بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام لە ڕاستای بەرژەوەندیی یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران"، تۆمەتبار کردووە و ئەو حوکمە لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا بە ناوبراو ڕاگەیەندراوە.

ڕۆژی دووشەممە ١٥ی خەرمانان، چیا ئاغابەیگ پوور بە دانانی بارمتە لە یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکان لە ورمێ ئازاد کرا.

ئەو هاووڵاتییە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا لە "دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر" و "چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی" بێبەری کراوە.

سەرلەبەیانیی ڕۆژی پێنجشەممە ٧ی گەلاوێژ، هێزە ئەمنییەتییەکان بەبێ بەڵگەی یاسایی هێرشیان کردبووە سەر ماڵی چیا ئاغابەیگ پوور و ناوبراویان بە تۆمەتی "لایەنگری لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران" دەسبەسەر کردبوو.

هێزە ئەمنییەتییەکان ئەو هاووڵاتییەیان بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکان لە ورمێ کردبوو.