بۆکان؛ چوار خۆپێشاندەر بە تەقەی هێزە سەرکوتکەرەکانی حکوومەت کوژران

13:25 - 27 خەزەڵوەر 2722

ڕێکەوتی ٢٦ی خەزەڵوەر، چوار خۆپێشاندەر بە ناوەکانی "غەفوور مەلوودی، هەژار مام‌خوسرەوی، هیوا جان‌جان و ئەمجەد عینایەتی" خەڵکی شاری بۆکان، بە تەقەی هێزە سەرکوتکەرەکانی حکوومەت لە ڕەوتی خۆپێشاندانەکان، گیانیان لەدەستدا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە سەرکوتکەرەکان بە گوللەی جەنگی تەقەیان لە خۆپێشاندەران کردبوو.

ڕۆژی پێنجشەممە ٢٦ی خەزەڵوەر، خۆپێشاندەران لە شاری بۆکان کۆنتڕۆڵی شەقامەکانیان گرتبووە دەست و دروشمی ناڕەزایەتییان دژی حکوومەتی ئێران دەدا و ئەو خۆپێشاندانە بە دەستێوەردانی هێزە سەرکوتکەرەکان، توندوتیژی لێکەوتەوە.

 ئێوارەی ڕۆژی پێشتریش واتە چوارشەممە ۲۵ی خەزەڵوەری ۱۴۰۱، سێ هاووڵاتیی ناڕازی بە ناوەکانی "سالار موجاور" ۳۰ ساڵە، "ئەسعەد ڕەحیمی" ۳۰ ساڵە و "محەممەد حەسەنزادە" ۲۸ ساڵە، لە ڕەوتی خۆپیشاندانەکانی شاری بۆکان بە تەقەی هێزە سەرکوتکەرەکانی حکوومەت گیانیان لەدەستدا بوو.