بۆکان؛ هێمن مام قادری زیندانیی سیاسیی پێشوو دەسبەسەر کرا

11:11 - 5 پووشپەڕ 2722

ڕۆژی شەممە ٤ی پووشپەڕ، "هێمن مام قادری" زیندانیی سیاسیی پێشووی خەڵکی شاری بۆکان لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئەمنییەتییەکان بێ نیشاندانی بەڵگەی یاسایی ئەو هاووڵاتییەیان دەسبەسەر کردووە.

ئەو سەرچاوەیە ڕایگەیاند: "ئەو هاووڵاتییە کوردە بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی شاری ورمێ کراوە".

هەتا کاتی بڵاوکردنەوەی ئەم هەواڵە، لە هۆکاری دەسبەسەری و تۆمەتی وەپاڵدراو دژی هێمن مام قادری زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.

ڕێکەوتی ٢٣ی خاکەلێوەی ١٣٩٩، هێمن مام قادری پاش بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و ڕاگەیاندنی لێخۆشبوونی نوێی هێزی دادوەری لە زیندانی بۆکان ئازاد کرابوو.

ڕێکەوتی ٢٦ی بانەمەڕی ساڵی ١٣٩٦، ئەو زیندانییە کوردە بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران و پڕۆپاگەندە دژی نیزام" لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە، دەسبەسەر و دواتر بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە کرابوو.

ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە، پاش تەواوبوونی قۆناغی لێپرسینەوەکەی بۆ زیندانی شاری بانە ڕاگوێزرابوو و دواتر بۆ دادگاییکردنەکەی ڕەوانە زیندانی سەقز کرابوو.

دادگای ئینقلابی شاری سەقز، ئەو هاووڵاتییە بۆکانییەی بە تۆمەتی "ئەندامبوون و هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران" بە ١١ ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم و ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە لە تۆمەتی‌ وەپاڵدراوی "دژایەتی لەگەڵ خوا" (محاربە) بێتاوان دەرچووبوو.

حوکمی دادگای سەرەتایی ئەو هاووڵاتییە کوردە، لە دیوانی باڵای وڵات بۆ ٥ ساڵ زیندانی تەعزیری کەم کرایەوە و لە ساڵی ١٣٩٨ لە زیندانی سەقز بۆ زیندانی بۆکان ڕاگوێزرابوو.