بۆکان؛ هاووڵاتییەک بۆ جێبەجێکردنی ماوەی زیندانییەکەی ڕەوانەی زیندان کرا

18:49 - 6 بەفرانبار 2722

ڕۆژی دووشەممە ٥ی بەفرانبار، هاووڵاتییەک بە ناوی "محەممەد سەباحی" خەڵکی بۆکان، بۆ جێبەجێکردنی ماوەی زیندانییەکەی، ڕەوانەی زیندانی ئەو شارە، کرا.

ئەو هاووڵاتییە لە ڕێکەوتی ٢٢ی جۆزەردانی ساڵی ١٤٠١، بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە حیزبە دژبەرەکانی ئێران"، لە لقی ١٠٢ی دادگای کەیفەری ٢ی پیرانشار دادگایی و لە ڕێکەوتی ٢٩ی گەلاوێژی هەمان ساڵ، حوکمی ٦ مانگ زیندانی، پێ ڕاگەیەندرابوو.

محەممەد سەباحی لە ڕێکەوتی ٢٤ی ڕەشەمەی ساڵی ١٤٠٠، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو و هێزە ئەمنییەتییەکان لە کاتی دەسبەسەرکرانیدا دەستیان بەسەر هێندێک کەرەستەی شەخسیی ناوبراودا، گرتبوو و لەگەڵ خۆیان بردبوویان.

ئەو هاووڵاتییە کوردە بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی ورمێ کرابوو و پاش تەواوبوونی ماوەی لێپرسینەوەکەی بۆ زیندانی نەغەدە ڕاگوێزرابوو و دواتر بە دانانی بارمتە، ئازاد کرابوو.

محەممەد سەباحی کوڕی ڕەحمان خەڵکی گوندی "حەسەن ئاوا"ی شاری بۆکانە.