بۆکان؛ محەممەد حاجی ‌ڕەسووڵ‌پوور لە دەسبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییانە لە نەخۆشخانە گیانی لەدەست دا

14:20 - 28 سەرماوەز 2722

سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە، ٢٨ی سەرماوەز، محەممەد حاجی ‌ڕەسووڵ‌پوور، زیندانیی سیاسیی پێشوو و لە دەسبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییانەی بۆکان کە لە نەخۆشخانەی ئەم شارەدا لە کۆمادا بوو، گیانی لەدەست دا.

ئەم زیندانییە سیاسییەی پێشوو، ڕۆژی ٢٢ی سەرماوەز لە بەشی ئای سی یووی نەخۆشخانەی قولی‌پوور خەوێندرابوو.

ئەم هاووڵاتییە ٥٧ ساڵەیە، ڕۆژی سێشەممە، ٢٢ی سەرماوەز بەهۆی جێگیرنەبوونی باری تەندروستییەوە، بە بارمتەی ٥٠٠ میلیۆن تمەنی لە زیندانی بۆکان ئازاد کرابوو و بەهۆی نالەباربوونی دۆخی تەندروستیی ڕەوانەی نەخۆشخانە کرابوو.

محەممەد حاجی ‌ڕەسووڵ‌پوور بەهۆی نالەباربوونی دۆخی تەندروستییەوە، توانایی قسەکردنی لەدەست دابوو.

ئەم هاووڵاتییە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانەوە بەتوندی ئەشکەنجە درابوو.

محەممەد حاجی ‌ڕەسووڵ‌پوور لە سەرەتای ڕاپەڕینی سەرتاسەرییەوە دوو جار لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو.

ناوبراو نیوەشەوی شەممە، ٩ی ڕەزبەر لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانەوە دەسبەسەر و ڕۆژی دووشەممە، ٢٥ی ڕەزبەر بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوو.

ئەم زیندانییە سیاسییەی پێشوو، بۆ جارێکی دیکە لە ڕێکەوتی ٢ی سەرماوەزدا دەسبەسەر کرابوو و پاش تێکچوونی باری تەندرووستیی ڕۆژی سێشەممە، ٢٢ی سەرماوەز بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ میلیۆن تمەنی لە زیندانی بۆکان ئازاد کرابوو.

ڕۆژی چوارشەممە، ٢٤ی خاکەلێوەی ئەمساڵ، محەممەد حاجی ‌ڕەسووڵ‌پوور دوای تەواوبوونی ماوەی حوکمەکەی لە زیندانی بۆکان ئازاد کرابوو.

ئەم هاووڵاتییە پێشتر بەتۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام لە بەرژەوەندیی یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران"، لەلایەن لقی ١٠١ی دادگای کەیفەریی بۆکانەوە بە بەرپرسایەتیی دادوەر "پەیمان ڕۆستەمی"، بە ٥ مانگ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرابوو.