بۆکان؛ عەلی زولفی لە زیندان ئازاد کرا

10:49 - 26 سەرماوەز 2721

ڕۆژی پێنجشەممە ٢٥ی سەرماوەز، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "عەلی زولفی" کوڕی "حەمزە"، خەڵکی شاری بۆکان، لە زیندانی ئەو شارە ئازاد کرا.

ئەو هاووڵاتییە کە بۆ مەرەخەسی هاتبووە دەرەوە، ئیتر ناگەڕێتەوە زیندان.

ڕۆژی یەکشەممە ٢٥ی ڕەزبەر، ئەو هاووڵاتییە کوردە بۆ تێپەڕەڕاندنی ماوەی زیندانییەکەی ڕەوانەی زیندانی بۆکان کرابوو.

ئەو هاووڵاتییە لەلایەن لقی ١٠١ی دادگای کەیفەریی بۆکانەوە بە سەرۆکایەتی دادوەر "پەیمان ڕۆستەمی"، بە چوار مانگ و ١٠ ڕۆژ زیندان مەحکووم کرابوو.

ڕۆژی یەکشەممە ٣ی ڕەشەمەی ٩٩، عەلی زولفی بە دانانی بارمتەی ٢٠٠ ملیۆن تمەنی لە زیندانی ئەو شارە ئازاد کرابوو.

ئەو هاووڵاتییە کوردە پاش کۆتاییهاتنی لێپرسینەوە لە یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکان لە ورمێ، بۆ زیندانی بۆکان ڕاگوێزرابوو.

عەلی زولفی، پاش دەسبەسەرکردنی لە پەیوەندیی تەلەفۆنی، چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی و هەروەها دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەری کرابوو.

شەوی سێشەممە ٣٠ی بەفرانباری ٩٩، لە درێژەی دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییانی کورد لە بۆکان، ئەو هاووڵاتییە لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو.

هێزە ئەمنییەتییەکان بەبێ بەڵگەی یاسایی، هێرشیان کردبووە سەر ماڵی ئەو هاووڵاتییە و ناوبراویان دەسبەسەر کردبوو.

هەروەها هێزە ئەمنییەتییەکان لە کاتی دەسبەسەرکردنی "عەلی زولفی"، شووشەی دەرکە و پەنجەرەی ماڵەکەیان شکاندبوو.