بۆکان؛ سەعدی شاڕۆخی‌فەر لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانەوە کوژرا

11:42 - 7 سەرماوەز 2722

سەعدی شاڕۆخی‌فەر، تەمەن ٤۰ ساڵ کوڕی قادر خەڵکی شاری بۆکان، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانەوە کوژرا.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، کاتژمێر یەکی نیوەشەوی ڕۆژی شەممە ۲٨ی خەزەڵوەر، سەعدی شاڕۆخی‌فەر، بۆ کڕینی شتومەکی ماڵەوە چووەتە دەرەوە و لە شەقامی "عەلیاوا" بەهۆی بەرکەوتنی گولـلە لە سینگی و هەروەها لێدانی چەند چەقۆیەک، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانەوە، گیانی لەدەست داوە.

ئەو سەرچاوە ئاگادارە هەروەها دەڵێت: پاش هەوڵەکان و بەدواداچوونی بنەماڵەی شاڕۆخی‌فەر، لە ماوەی چوار ڕۆژدا، بەوانیان ڕاگەیاندووە کە تەرمی کوڕەکەیان لە ساردخانەی نەخۆشخانەی "قولیپوور"ی بۆکانە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو، پزیشکی دادوەری هۆکاری مردنی ئەو هاووڵاتییە کوردەی بۆ "خوێنبەربوونی ناوکی بەهۆی بەرکەوتنی کەرەستەی تێژ لە جەستە"ی، ڕاگەیاندووە.

ئەو سەرچاوە ئاگاداره دەڵێت: ڕێوڕەسمی ئەسپەردەکردنی سەعدی شاڕۆخی‌فەر، لە ژێر چاوەدێریی توندی ئەمنییەتی بەڕێوەچووە و هێزە ئەمنییەتییەکان هەڕەشەیان لە بنەماڵەی ئەو هاووڵاتییە کردووە، لە وتووێژکردن لەمەڕ چۆنییەتیی کوژرانی کوڕەکەیان، خۆ ببوێرن.

سەرچاوەی ئاگاداری کوردپا هەروەها ڕایگەیاند: ڕۆژی هەینی ۲۷ی خەزەڵوەر، سەعدی شاڕۆخی‌فەر، لە ڕێوڕەسمی ئەسپەردەکردنی گیانلەدەستداوانی خۆپێشاندانە سەرتاسەرییەکان لە بۆکان، بەشداری کردبوو.

سەعدی شاڕۆخی‌فەر، خێزاندار و باوکی دوو کچی تەمەن ٥ و ۱۰ ساڵانەیە و ماوەی نزیک دوو ساڵە لە هەرێمی کوردستان، خەریکی کار بووە.