بۆکان؛ سێ هاووڵاتی بانگهێشتی ناوەندە ئەمنییەتییەکان کران

16:02 - 1 سەرماوەز 2721

ڕۆژی یەکشەممە ٣٠ی خەزەڵوەر، دوو هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی "محەممەد حاجی‌ڕەسووڵی" و  "ئیدریس حاجی‌ڕەسووڵی"، خەڵکی بۆکان، پاش بانگهێشتکردنیان بۆ ئیتلاعاتی سپای پاسداران، لێپرسینەوەیان لەگەڵ کرا.

ئەو دوو هاووڵاتییە پاش چەند کاتژمێر لێپرسینەوە، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە ئازاد کران.

هەر لەو پەیوەندییەدا هاوکات لەگەڵ بانگهێشتکردنی محەممەد و ئیدریس حاجی‌ڕەسووڵی، هاووڵاتییەکی دیکە بە ناوی "ئەسعەد حاجی‌ڕەسووڵی"، بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی بۆکان و لێپرسینەوەی لەگەڵ کرا.

ئەسعەد حاجی‌ڕەسووڵی، پاش چەند کاتژمێر لێپرسینەوە ئازاد کراوە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، لە هۆکاری بانگهێشتکردنی ئەو سێ هاووڵاتییە بۆ ناوەندە ئەمنییەتییەکان، زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.