بۆکان؛ سۆران شەریفی ٧ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپا

12:36 - 26 خەرمانان 2721

هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "سۆران شەریفی"، خەڵکی بۆکان، لەلایەن لقی ١٠١ی دادگای کەیفەریی ئەو شارەوە، بە سەرۆکایەتی دادوەر "پەیمان ڕۆستەمی"، ٧ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، دادگا ئەو هاووڵاتییەی بە "ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران" و "پڕۆپاگەندە دژی نیزام"، تۆمەتبار کردووە و ئەو حوکمەش ڕۆژی شەممە ٢٠ی خەرمانان، بە فەرمی بە ناوبراو ڕاگەیەندراوە.

ئەو سەرچاوە ئاگادارە هەروەها وتوویەتی کە سۆران شەریفی خاوەن دەرمانگای "حەکیم" لە بۆکانە و دادگا حوکمی داخستنی ئەو دەرمانگایەی بۆ ماوەی ٢ ساڵ، دەر کردووە.

ڕۆژی دووشەممە ٣ی جۆزەردان، هێزە ئەمنییەتییەکان بەبێ بەڵگەی یاسایی ئەو هاووڵاتییەیان دەسبەسەر کردووە و ناوبراو مانگی پووشپەڕی ئەمساڵ، بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی هەتا کاتی دادگاییەکەی، لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری بۆکان، ئازاد کرا.

ئەو هاووڵاتییە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا لە "دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر" و "چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی"، بێبەری کراوە و هەروەها هێزە ئەمنییەتییەکان هەندێک کەرەستەی کەسیی ناوبراو لە وانە مۆبایل، کامپیوتێر و کتێبیان لەگەڵ خۆیان بردووە.