بۆکان؛ سمکۆ مەعرووفی بە یەک ساڵ زیندایی تەعزیری و دوو ساڵ ممنوع‌الخروج بوون لە وڵات مەحکووم کرا

11:19 - 14 بانەمەڕ 2721

لقی ۱۰٤ی دادگای کەیفەریی بۆکان، سمکۆ مەعرووفی، چالاکی ژینگەیی و ئەندامی ئەنجومەنی ژینگەیی "وڵاتـ"ـی، بە یەک ساڵ زیندانیی تەعزیری و دوو ساڵ ممنوع‌الخروج بوون لە وڵات، مەحکووم کرد.

کۆبوونەوەی دادگایی ئەو هاووڵاتییە، ڕۆژی چوارشەممە ۲٥ی خاکەلێوە بە تۆمەتی "پڕۆپاگەندە دژی نیزام"، لە لقی ۱۰٤ی دادگای کەیفەریی بۆکان، بەڕێوە چووبوو.

ڕۆژی دووشەممە ۱٨ی ڕەشەمەی ۹۹، ئەو چالاکە ژینگەییە، بەبێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و پاش ۲٥ ڕۆژ لێپرسینەوە بە دانانی بارمتە بەشێوەی کاتی هەتا کۆتایی قۆناغەکانی دادڕەسییەکەی ئازاد کرابوو.

سمکۆ مەعرووفی ڕۆژی سێشەممە ٢٣ی ڕەزبەری ٩٨، پاش کۆبوونەوەی پشتیوانی لە ڕۆژئاوا لە شاری بۆکان لەگەڵ "ژاکا ئیسماعیلپوور، هومەن فەیزی و شاهۆ خزری"، لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ، کرابوو و ڕۆژی دووشەممە ٦ی خەزەڵوەری هەمان ساڵ، پاش تەواوبوونی ماوەی لێپرسینەوەکەی بۆ زیندانی بۆکان ڕاگوێزرا.

ئەو هاووڵاتییە پاش تەواوبوونی ماوەی لێپرسینەوەکەی بە دانانی بارمتەی ١٥٠ ملیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.

ڕۆژی چوارشەممە ٢٠ی سەرماوەزی ٩٨، ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی ژینگە‌پارێزیی "وڵات" لە لایەن لقی ١٠١ی دادگای کەیفەری بۆکان بە تۆمەتی "تێکدانی نەزمی گشتیی و بەشداری لە کۆبوونەوەی پشتیوانی لە ڕۆژئاوا" بە دوو ساڵ زیندان مەحکووم و ڕۆژی دووشەممە ١٤ی ڕێبەندانی هەمان ساڵ، بۆ جێبەجێ کردنی حوکمەکەی ڕەوانەی زیندان بۆکان کرا و سەرەتای مانگی سەرماوەزی ۹۹، ئازاد کرا.