بۆکان؛ سمکۆ مەعرووفی بۆ جێبەجێکردنی حوکمەکەی ڕەوانەی زیندان کرا

15:53 - 26 خەزەڵوەر 2721

ڕۆژی چوارشەممە ١٩ی خەزەڵوەر، سمکۆ مەعرووفی، چالاکی ژینگەیی و ئەندامی ئەنجومەنی ژینگەیی "وڵات"، بۆ جێبەجێکردنی حوکمەکەی ڕەوانەی زیندانی بۆکان کرا.

ئەو چالاکە کوردە، سەرەتاکانی مانگی خەزەڵوەر بۆ جێبەجێکردنی حوکمی ساڵێک زیندانی تەعزیری، بانگهێشتی ئیجرای ئەحکامی بۆکان کرابوو.

لقی ۱۰٤ی دادگای کەیفەریی بۆکان، سمکۆ مەعرووفیی بە ساڵێک زیندانی تەعزیری و دوو ساڵ "ممنوع‌الخروج" لە وڵات مەحکووم کرد و ئەو حوکمە لە دادگای پێداچوونەوەدا پشتڕاست کرابووەوە.

کۆبوونەوەی دادگایی ئەو هاووڵاتییە، ڕۆژی چوارشەممە ۲٥ی خاکەلێوەی ئەمساڵ بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام"، لە لقی ۱۰٤ی دادگای کەیفەریی بۆکان بەڕێوە چووبوو.

ڕۆژی دووشەممە ۱٨ی ڕەشەمەی ۹۹، ئەو چالاکە ژینگەییە، بەبێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و پاش ۲٥ ڕۆژ لێپرسینەوە بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی هەتا کاتی دادگاییەکەی ئازاد کرابوو.

سمکۆ مەعرووفی ڕۆژی سێشەممە ٢٣ی ڕەزبەری ٩٨، پاش کۆبوونەوەی پشتیوانی لە ڕۆژئاوا لە شاری بۆکان لەگەڵ "ژاکا ئیسماعیلپوور، هومەن فەیزی و شاهۆ خزری"، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ کرابوو و ڕۆژی دووشەممە ٦ی خەزەڵوەری هەمان ساڵ، پاش تەواوبوونی ماوەی لێپرسینەوەکەی بۆ زیندانی بۆکان ڕاگوێزرا.

ئەو هاووڵاتییە پاش تەواوبوونی ماوەی لێپرسینەوەکەی بە دانانی بارمتەی ١٥٠ ملیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.

ڕۆژی چوارشەممە ٢٠ی سەرماوەزی ٩٨، ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی ژینگە‌پارێزیی "وڵات" لەلایەن لقی ١٠١ی دادگای کەیفەریی بۆکان بە تۆمەتی "تێکدانی نەزمی گشتی و بەشداری لە کۆبوونەوەی پشتیوانی لە ڕۆژئاوا" بە ٢ ساڵ زیندان مەحکووم و ڕۆژی دووشەممە ١٤ی ڕێبەندانی هەمان ساڵ، بۆ جێبەجێکردنی حوکمەکەی ڕەوانەی زیندانی بۆکان کرا و سەرەتای مانگی سەرماوەزی ۹۹، ئازاد کرا.