بۆمەلەرزەیەكی تر شاری وانی هەژاند

18:52 - 19 خەزەڵوەر 2711

كوردپا ـ شەبەكەی بی بی سی بڵاوی كردەوە، بۆمەلەرزەیەكی بەهێز بە پلەی ٥/٧ بە پێوەری ریشتێر چەند ناوچەیەكی شاری وانی لە خۆرهەڵاتی توكیە هەژاند و بەو هۆیەوە حەوت كەس بوونە قوبانی و بە دەیان كەسی دیكەش بوونە ژێر دار و پەردووی باڵەخانە رووخاوەكانەوە.


ناوەندی بۆمەلەرزەكە لە ١٦ كیلۆمیتریی شاری وان بووە و ناوەندی شاری وانیشی گرتۆتە و بەو هۆیەوە زیاتر لە٢٠ باڵەخانە و دوو هۆتیل كە خەڵكی تێدا نیشتەجێ‌ بووە تێك رووخاون.

بەپێی زانیارییەكان هەتا ئێستا تیمەكانی فریاگوزاری توانیویانە تەرمە ٧ كوژراو و ٢٥ بریندار لەژێر دارو پەردووی داڕووخاودا رزگار بكەن و بەپێی دوایین زانیارییەكان نزیكەی ١٠٠ كەسی دیكەش لەژێر بینا رووخاوەكاندا ماونەتەوە و هێشتا تیمەكانی فریاگوزاری سەرقاڵی كارن.

بۆمەلەرزەكەی دوێنێ‌ ئێوارەی شاری وان لە كاتێكدا رووی داوە كە سێ‌ حەفتە بەرلە ئێستا بۆمەلەرزەیەكی بەهێز پارێزگای وان و دەوروبەری هەژاند و زیاتر لە ٦٠٠ كەس بوونە قوربانی و بە هەزاران كەس بریندار بوون و سەدان بیناش تێك رووخان.

زانیارییەكان ئەوە دەردەخەن كە رادەی بەهێزیی ئەم بۆمەلەرزەیە بە رادەیەك بووە كە شاری چاڵدوران لە پارێزگای ئازەربایجانی رۆژئاوای ئێرانیشی گرتۆتەوە.